به‌خێربێن بۆ وڵاتی خۆتان



20 november 2010

دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازانی عێراقی بە ئیمەیلێك رادەگیرێت

كاوە ئەمین، رێبوار عەبدوڵڵا
رووداو -سوێد، هۆڵەندا، بەریتانیا

ناردنی ئیمەیلێك وای لە حكومەتی هۆڵەندا كرد لە بڕیارێكی چەند كاژێر پێشتری خۆی سەبارەت بە بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازانی عێراقی پەشیمان ببێتەوە. ئەو ئیمەیلە كە هەفتەی رابردوو لەلایەن دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاراستەی وەزارەتی كۆچبەری و خۆگونجاندنی هۆڵەندا كراوە، فەرمان دەدات كە دیپۆرتكردنەوەی عێراقییەكان بەشێوەیەكی كاتی رابگرێ. نێوەڕۆكی ئیمەیلەكە پێوەندی بە نامەیەكی فەرمییەوە هەیە كە ئەو دادگایە لە كۆتایی مانگی رابردوودا بۆ حكومەتە ئەوروپاییەكانی ناردووە و هەمان نێوەڕۆكی هەیە. لە سوێد و بەریتانیا چەند پەناخوازێك سوودیان لەو نامەیە وەرگرتووە تا دیپۆرتكردنەوەیان بوەستێنن، بەڵام حكومەتەكانی بەریتانیا و سوێد هێشتا بەفەرمی پابەندبوونی خۆیان بەو بڕیارەوە رانەگەیاندووە.
هۆڵەندا
3 كۆبوونەوە لە یەك هەفتەدا
لە هەفتەی یەكەمی دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هۆڵەندیدا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە سێ جاری یەك بە دوای یەكدا كۆبوونەوەی بەپەلەی بۆ لێپرسینەوە لە (خیرت لیرس)ی وەزیری كۆچبەری و خۆگونجاندن ئەنجامدا. یەكەمین كۆبوونەوەی رۆژی 2/11/2010، كە لەسەر داواكاریی پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن سازكرا، بۆ پەشیمانكردنەوەی وەزیری ناوبراو بوو لە جێبەجێكردنی بڕیارێكی سەبارەت بە دیپۆرتكردنەوەی ئەو پەناخوازە عێراقییانەی كە لەو وڵاتەدا داواكاریی پەنابەرییەكانیان رەتكراوەتەوە. وا بڕیاربوو ئەو پەناخوازانە رۆژی 3/11/2010 لەڕێگەی فڕۆكەخانەی ئەمستەردامەوە رەوانەی بەغدا بكرێنەوە. پارتە چەپەكان و یەكێك لە پارتە راستڕەوەكانی ئۆپۆزیسیۆن ئەو داواكارییەیان خستە دەنگدانەوە، بەڵام سەركەوتنیان بەدەست نەهێنا و زۆرینەی پارتە راستڕەوەكانی نێو حكومەتی نوێ لەدژی داواكە دەنگیاندا.
وەزیری كۆچبەرانی هۆڵەندا لەو دانیشتنەی پەرلەماندا وەك لایەنی براوە هۆڵی كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت. بەڵام چەند كاژێرێك دواتر، لەڕێگەی نامەیەكەوە پەرلەمانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە كە بڕیارەكەی گۆڕیوە و عێراقییەكان لەڕۆژی 3/11/2010دا دیپۆرت ناكرێنەوە. هۆكاری گۆڕینی بڕیارەكەش، وەك لە نامەی ئەو وەزیرەدا هاتبوو، بەدەستگەیشتنی ئیمەیلێك بووە لەلایەن دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بە پشتبەستن بە رێسای ژمارە 39ی دادگاكە فەرمان بە حكومەتی هۆڵەندا دەدات تا رۆژی 24/11/2010 بەهیچ شێوەیەك هیچ پەناخوازێكی عێراقی بۆ وڵاتەكەی دیپۆرت نەكاتەوە. بڕیاروایە لەو رۆژەدا دادگا ئەوروپییەكە بڕیاری كۆتایی لەبارەی رەوشی تەناهی عێراق بدەن و حكومەتە ئەوروپییەكان لەوە ئاگادار بكاتەوە كە ئایا بۆیان هەیە پەناخوازە عێراقییەكان دیپۆرت بكەنەوە یان نا.
سوێد
7 عێراقی سوودیان لە بڕیارە نوێیەكە بینیوە
وەزیری كۆچبەرانی هۆڵەندا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا گوتی: "هەریەكە لە حكومەتەكانی سوێد و بەریتانیا تەنانەت پاش چوونی نامەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤیش درێژەیان بە دیپۆرتكردنەوەی عێراقییەكان داوە"، ئەوەیشی وەك بەڵگەیەك دەهێنایەوە تا بیسەلمێنێ كە نامەی دادگاكە هیچ فەرمانێكی وەستاندنی دیپۆرتكردنەوەی بۆ ئەو حكومەتانە تێدا نەبووە.
لە سوێد لە هەفتەی رابردووەوە 7 پەناخوازی عێراقی سوودیان لەو خاڵە وەرگرتووە و داواكارییەكانیان بۆ راگرتنی دیپۆرتكردنەوەیان قبوڵكراوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی سوێد تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە بەفەرمی هیچ بڕیارێكی هاوشێوەی حكومەتی هۆڵەندای بۆ راگرتنی بەزۆرناردنەوەی ئەو پەناخوازانە نەداوە. یەكێك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتەش جەخت دەكاتەوە كە دیپۆرتكردنەوەكان بەردەوام دەبن تا بڕیاری كۆتایی لەلایەن حكومەتەوە دەردەچێت. سۆرێن كلێرتۆن، سەرۆكی بەشی چاودێری سنوورەكان لە پۆلیسی سوێدی، لەوبارەوە گوتی: "جارێ ناردنەوەی عێراقییەكان بەردەوام دەبێت، تا ئەوكاتەی ئۆفیسی پەنابەران و كۆچبەرانی سوێد بڕیارێكی گشتگیر لەسەر عێراقییەكان دەدات".
بەریتانیا
دیپۆرتكردنەوە بەردەوام دەبێت، بەڵام...
بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لەماوەی رابردوودا زیادتر لە جارێك بووەتە سەردێڕی هەواڵەكانی میدیای جیهانی و كوردی بەهۆی بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازان.پێدەچێ ناردنی نامەكەی رۆژی 22/10/2010 ی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ "فریادڕەسێك" بێت بۆ ئەو پەناخوازە عێراقییانەی "یاسای بەریتانیا" نایانپارێزێ و بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی داون. چونكە لە یەكەمین راگەیێندراویدا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، سەرەڕای جەختكردنەوە لە بەردەوامبوون لەسەر بەزۆرناردنەوەی پەناخوازە عێراقییەكان، ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە ئەگەر دادگا ئەوروپاییەكە پشتیوانیی لە داواكاریی پەناخوازێك بكات بۆ دیپۆرت نەكردنەوەی، ئەوە "دیپۆرت ناكرێتەوە."
پەناخوازانی خەڵكی هەرێمی كوردستان یەكێكبوون لەو گرووپانەی لە چەند ساڵی رابردوودا حكومەتی بەریتانیا هەوڵی زۆریدا بۆ دیپۆرتكردنەوەیان. كاربەدەستانی بەریتانیا پێیانوایە حكومەتی كوردستان هاوكار نییە لە وەرگرتنەوەی ئەو پەناخوازانەدا. بەڵام بە گوتەی وتەبێژێكی (ئاژانسی سنوور)ی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بۆ رۆژنامەی (گاردیەن) "رۆژی 20/9/2010 دادگای بەریتانی ئەوەیان پشتڕاست كردەوە كە ئێمە بۆمان هەیە خەڵك بنێرینەوە بۆ عێراق، هەروەها ئەوەشیان پشتڕاستكردەوە كە ئەگەر كوردە عێراقییەكان بنێرینەوە بۆ بەغدا ئەوە ژیانیان ناخەینەوە مەترسییەوە"، بەڵام ئەو وتەبێژە ئەوەشی بۆ رۆژنامەكە روونكردەوە كە ئەگەر كەسێك رێسای ژمارە 39ی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بیگرێتەوە، "ئەوە دیپۆرتكردنەوەی رادەوەستێندرێت."
بەگوێرەی زانیارییەكانی (رووداو) ژمارەیەك هاووڵاتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بڕیاربوو رۆژی 4/11/2010 لە بەریتانیاوە دیپۆرت بكرێنەوە، بەهۆی رێسای ژمارە 39وە گەشتە ئاسمانییەكەیان هەڵوەشێندراوەتەوە و لە سەنتەرێكی تایبەت بە دیپۆرتكردنەوەدا لە بەریتانیا هێڵدراونەتەوە. هەروەها حكومەتی بەریتانیا لە بەرنامەیدایە رۆژی 11/11/2010 ژمارەیەك پەناخوازی عێراقی دیپۆرت بكاتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە كە ئەوانیش گەشتە ئاسمانییەكەیان هەڵدەوەشێتەوە یان نا.



Inga kommentarer: