به‌خێربێن بۆ وڵاتی خۆتان



06 november 2010

"دەمانەوێ ببینە نموونە بۆ گەنجانی كورد"


گرووپی دیالۆگ


رووداو - سوێد
سویسرا ئەو وڵاتەی كە رێككەوتننامەی لۆزانی تێدا خرایە شوێنی رێككەوتننامەی سێڤەر، بەوە بڕیاری هەڵوەشانەوەی مافی چارەنووسی كوردی تێدادرا. ئێستا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ژمارەیەكی زۆر كوردی لێ نیشتەجێیە. یەكێك لەو بنەماڵانەی ماوەیەكی زۆرە لەوێ دەژی و دەیانەوێ بەشێوەیەكی جیاواز دەنگی كورد بگەیێننە گەلانی دیكە،گرووپێكی موزیكیان دامەزراندووە بەنێوی دیالۆگ. ئەو گرووپە لە باوكێك و سێ كچ و كورێك پێكهاتووە.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو كە كەسیان بەناوی خۆیانەوە بانگی یەكتریان نەدەكرد، بەڵكو باوك بە كچەكانی دەگوت هەڤاڵ، خوشك بە خوشك و برای و تەنانەت بە باوكی خۆیشی دەگوت هەڤاڵ. یەكەمین ئەلبوومی ئەو گرووپە سێ ساڵ لەمەوبەر بڵاوكرایەوەو، گۆرانییەكی دەلیل دۆغان(جانێ جانێ)یان كردووەتە ئینگلیزی. ئەوان دەڵێن "بۆ ئەوەی خەڵكی بێگانە بزانن ئێمە كێین".
گولسەفا، كە لە گرووپی دیالۆگدا، تەنها گۆرانی دەڵێ، لەبارەی ئەوەی كە بۆچی گرووپەكەیان تەنها لە ئەندامانی خێزانەكەیان پێكهاتووە بە (رووداو)ی گوت: " زۆرجار پێویستە مرۆڤ فیداكاری بكات بۆ هونەر، بۆیە پێویستە ئەندامانی گرووپەكە كەسی یەكبن، یان نزیكی یەكتربن، بەوە زیاتر دەتوانن تەحەموللی سەختییەكان بكەن. یەكێتی خێزانی ئێمە دەكرێ ببێتە نموونە بۆ یەكێتی نەتەوەییمان". گولسەفا دەڵێ ئەوان هونەر تەنیا لە پێناو هونەردا ناكەن "بەڵكو دەمانەوێ لەو رێگەیەوە ئەو زۆرداریەی لە گەلەكەمان كراوە نیشانی جیهان بدەین"
كە پرسیاری ئەوەی لێدەكەین، ئایا گرووپەكەی ئەوان لەنێو سویسرییەكاندا ناسراون یان تەنها كورد گوێیان لێدەگرن، گولسەفا دەڵێ با هەڤاڵ موسا وەڵامبداتەوە، واتە باوكی. هەڤاڵ موساش بەوشێوەیە وەڵامدەداتەوە " ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ سویسرییەكاندا هەیە، بەشداری فیستیڤاڵی قوتابخانەكان و فیستیڤاڵە گەورەكانیان و شەوە كولتوورییەكان دەكەین و موزیكی كوردی بە نەتەوەكانی دیكە دەناسێنین."
موسا دەڵێ ئەو زۆر بە گرووپەكەوە ماندووە "هەموو كاروباری رێكخستنی گرووپەكە لەسەر شانی منە و تەمبووریش لێدەدەم". سێ كچەكەی موسا لە بواری موزیكدا دەخوێنن.
 گرووپی دیالۆگ، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵی كوردی لە ستۆكهۆڵم، بە گۆرانییە نەتەوەیی و حەماسییەكانیان، گەنجانی ئامادەبوویان هەژاند. ئەندامانی ئەو گرووپە موزیك لێدەدەن و گۆرانی دەڵێن و هەڵپەڕكێش دەكەن.
گولسەفا كە كچی ناوەنجی موسایە دەڵێ: "بەداخەوە، پێدەچێ تائێستا بەتەواوی واتە‌ی گرووپی موزیكی لەنێو كورددا بە باشی نەزانرابێ".
 لە باشووری كوردستان كەم جار رێدەكەوێت مرۆڤ لە شوێنی گشتیدا بە باوكی خۆی بڵێ هەڤاڵ یان هاوڕێ یاخود بەناوی ئەسڵی خۆیەوە بانگی بكات. بۆیە لە گوڵدەمم پرسی چۆنە ئێوە باوكتان بە هەڤاڵ بانگ دەكەن؟ بە پێكەنینەوە لە وەڵامدا وتی: "تازە وای لێهاتووە، ئاخر شتێكی جیدیش نابێت كاتێك هەڤاڵ موسا دەناسێنم لەسەر شانۆ، بڵێم ئێستا بابە، یانیش باڤۆ دەسترێ، بەڕاستی جدییەتی تێدا نامێنێ، بۆیە وا راهاتووین، تەنانەت لە ماڵیش هەروا بانگی یەكتر دەكەین".
هەروەك گوڵدەم دەبێژی شتێكی " نائاسایی نییە" ئەوان كە لە ئەوروپا گەورەبوون كاریگەری موزیكی ئەوروپی بەسەر كارەكانیانەوە هەبێت " ئێمە لەگەڵ منداڵانی ئەوروپی و موزیكی ئەوروپیدا گەورە بووین، بەڵام كولتور و فۆلكلۆری خۆشمان وننەكردووە، كەلكمان لە شتە باشەكانی ئەوانیش وەرگرتووە. هەربۆیە‌ دەمانەوێ روحیەتی موزیكی كوردی بزر نەكەین و ببینە نموونە بۆ گەنجانی كورد لە ئەوروپا، با لاوەكانمان گوێ لە موزیكی ئەوروپایی بگرن، بەڵام دەبێ موزیك و هونەری كوردیش فەرامۆش نەكەن، ئێمە دەمانەوێ گەنجانی كورد بزانن كە كورد موزیكی مۆدێرنیشی هەیە و دەمانەوێ ببینە ئەلتەرناتیڤ بۆ لاوانی كورد".
 گوڵدەم دەڵێ لەگەڵ ئەوەشدا گوێگرانی ئەوان لەحەوت ساڵییەوە تاوەكو حەفتا ساڵین . گوڵدەم كە لە گوڵسەفا بچووكترە دەڵێ " حەزم لە كاری كلاسیكە"، بەڵام گوڵسەفا دەڵێ "زیاتر حەزم لە پۆپ و رۆكە".
گۆرانییەكانی گرووپی دیالۆگ هەمەڕەنگن ، لە كلاسیك و شایی و شۆڕشگێڕی، گوڵدەم دەڵێ " ئێمە گۆرانی سیاسی دەڵێین، ئێمە دەمانەوێ رەوشی گەلەكەمان بێنینە بەرچاوی خەڵك، ئاخر لاوانی ئێمە لە وڵات لە خەباتدان و خوێن لە چاویان دەبارێ بۆ ئازادی، ئێمە هیچ كاتێك ئەوە لە بیر ناكەین و بە هەموو جیهانیشی رادەگەیێنین".
گوڵسەفا تائێستا چەندین جار چووەتەوە كوردستان و لەوێ زیاتر دڵگەرمی وەرگرتووە بۆ كارەكانی " چەندین جار سەردانی وڵاتمان كردووە، سەردانی پایتەختی كوردستان ئامەدمان كردووە، سەردانی قەرەقۆچان كە خۆمان خەڵكی ئەوێین و زۆر دەڤەری باكووری كوردستان گەڕاوین. پێش ئەوەی سەردانی وڵات بكەین ئەوەندە لە گۆرانییەكانی خۆمان و كولتووری گەلەكەشمان تێنەدەگەیشتین. سەدان جار گۆرانی سیپانی خەلاتێی شەهید سەرحەدمان گوتووەتەوە، بەڵام تا خۆمان نەچووینە دامێنی چیای سەرحەد، هێژایی ئەو گۆرانییەمان نەدەزانی. مرۆڤ ئەگەر خۆی ئازاری نەچێشتبێ، لە ژان و ئازار ناگات".
گوڵسەفا حەزدەكات لەگەڵ باوك و خوشك و براكانی وەك گرووپی دیالۆگ بچنە كوردستانی ئازاد ، باشووری كوردستان ، بەڵام وەك ئەو دەڵێ " بەداخەوە تائێستا كەس ئێمەی بانگهێشت نەكردووە، ئەگەرنا بەوپەڕی خۆشحالییەوە دەچین، ئەوە بۆ ئێمە سەربڵندییە و دەمانەوێ ببینە پردێك لەنێوان ئەوروپا و هەموو پارچەكانی كوردستان. ئێمە دەبێ بەهەر شێوەیەك بۆمان دەكرێ سنوورەكان تێكبشكێنین".
گوڵدەم دەڵێ دەیانەوێ بە شێوەزارەكانی دیكەش جگە لە كرمانجی سەروو گۆرانی كوردی بڵێن ، بەڵام نەك وەك هەندێ گرووپ كە گۆرانییەكان بە رەوانی ناڵێن " هەندێك گۆرانیبێژی كرمانج كاتێك بە سۆرانی گۆرانی دەڵێن، بە ئاشكرا هەڵەكردن بە گۆرانیەكەوە دیارە، بۆیە ئێمە بڕیارمانداوە هەتا نەتوانین گۆرانییەك بەڕەوانی بڵێینەوە ئەوە نەكەین، بەڵام زۆر حەز لە گۆرانی نەسرین ئەمڕۆ بەهارە دەكەین و دەمانەوێ كاری لەسەر بكەین، بەڵام بەشێوەیەكی وا جوان بیڵێنیەوە كە گۆرانییەكە تێكنەدەین".

Inga kommentarer: