به‌خێربێن بۆ وڵاتی خۆتان



15 oktober 2011

بمانبوورە کەیسنجەر!
پرسیارێک لە سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان!



تێبێنی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی (رووداو) بە کوردی و لە سایتی رووداو بە ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە.

کاوە ئەمین


سەردانەکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کەمال کەرکووکی بۆ ئەمریکا، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە چەند پەرلەمێنتارێک داوا دەکەن کە دەبێت ئەجندای سەردانەکەی کراوە بێت و تێچوونی سەفەرەکەیشی بخرێتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. ئەگەرچی دەبوو وەزیر و سەرۆک پەرلەمان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کاتێک سەردانی شوێنێک دەکەن بە پارەی خەڵک (کە دەڵێم خەڵک لە وڵاتێکی وەکو سوێد، سیاسییەکان بەدەر لە کاری شەخسی خۆیان کاروباری حکومەت بۆ نموونە سەفەری رەسمی دیکە بە پارەی باج وەرگرتن خەڵک دەکەن)، دیارە لە کوردستان دەبێتب بڵێین بەو پارەیەی کە وەکو بودجە لە عێراقەوە دەنێردرێت بۆ کوردستان، ئەوا خەرجی و مەسرەفەکانیان نەک بۆ داودەستگای پەیوەندیدار بەڵکو لەسەر ماڵپەری دەستگاکانیان دادەنێن، ئیتر پێویست بەو حەسیرمەیانە ناکات.


ئەوەی بەلای منەوە جێگای سەرنج و تێروانییە، سەردانی سەرۆکی پەرلەمانە بۆ لای کەسێکی وەکو هێنری کەیسنجەر کە بەیەکێک لە ئەندازیارانی هەرەسهێنای شۆررشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، دادەنرێت؟ لە هەواڵێکدا کە لەسەر ماڵپەری پەرلەمان دانراوە و تێیدا هاتووە کە کەیسنجەر دەڵێت: رووداوەکانی ١٩٧٥ و دواتر ناحاڵێبوونیکی دروستکردووە لە لای کورد! هەرەسهێنانی شۆرشێکی ١٤ ساڵە و دەیان هەزار کوژراو و بریندار و کاولکردنی وڵاتێک لە لای جەنبیان ناحاڵیبوونە. کەیسنجەر کەسێکی درۆزن و ساختەچییە و هەموو شتێکی لەبەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرایلدا کردووە لە ناوچەکەدا، خۆزگە دەمزانی سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامی ئەو قسەیەدا چی بە کەیسنجەر گوتووە؟ چونکە ئەوەی کە لە هەواڵەکەی پەرلەماندا بڵاو کراوەتەوە تەنها وەکو کوڕزانەوە وایە! کەمال کەرکووکی نەدەبوو بچێتە دیداری کەسێک کە هیچی لە سەددام و ئەوانی دیکە کەمتر نییە بۆ کورد، کە هەردەشچوو دەبوو داوای لێبکردایە کە با لەسەرەمەرگیشدا بێت داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات!



من نازانم ئاخۆ سەرۆکی پەرلەمان ئەو گفتوگۆیەیی نێوان سەعدون حەمادی و کەیسنجەری خوێندۆتەوە یان نا! لەویادا چاوچنۆکی و بێمۆرالی کەیسنجەر بەجوانی دەردەکەوێت کە نەک ئامادە نییە بە وشەیەکیش باسی کورد بکات بە باشی بەڵکو بە حەمادی دەڵێت: کاتێک ئێمە دەمانزانی تۆ وەکو سەتەلایتێکی سۆڤیەت وا بوویت، بۆیە ئێمە ڕێگاماندا ئێران ئەوە بکات لە ناوچە کوردییەکاندا ... ئێستایش کە ئێوە کێشەکەتان چارەسەکردووە، پێویست ناکات بەدوای رابردوودا بچین. ئەگەرچی ناوەڕۆکی قسەکانی نێوان کەیسنجەر و حەمادی بە زەرەی کوردن، بەڵام مرۆڤ دەبێت ددان بەوەدا بنێت کە حەمادی دیبلۆماسیەکی وریا بووە و بۆ یەک چرکەیش دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی عەرەب بەگشتی و فەلەستین بە تایبەتی نەبووە. بەداخەوە ئەوەی کە لە سیاسەتی کوردی بەتایبەتی لە بواری دیبلۆماسیدا هێشتا لە شیعرەکەی فایەق بێکەسی تێنەپەڕاندووە "بیستوحەوت ساڵە من رەنجەبەری تۆم"، ئەو شیعرە کە لە ئەدەبیاتی کورییدا زۆری بەشانوباڵدا هەڵدراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ناوەڕۆکی شیعرەکە تەنها کوڕزانەوەیە کە تێیدا باسی رەنجبەری کورد دەکات بە نان و ئاو و جلوبەرگی خۆی، خزمەتی بێگانەی کردووە. بەداخەوە من دیبلۆماسیەتی کوردی بەگشتی و ئەو سەردانەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لای کەیسنجەر وەکو پارانەوەکەی فایەق بێکەس دەبینم، لە کاتێکدا کە دەبوو کورد داوای دادگایی ئەو کابرایەی بکردایە.
ئەگەر من ئەندام پەرلەمان بوومایە، پرسیارم لە سەرۆکی پەرلەمان دەکرد، حیکمەتی سەردانەکەت بۆ لای کەیسنجەر چی بوو، لە کاتێکدا ئەو لەسەرمەرگدایە و هیچ کاریگەرییەکی بەسەر سیاسەتی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە؟

Inga kommentarer: