به‌خێربێن بۆ وڵاتی خۆتان



11 augusti 2011

خۆشەویستی نیشتیمان
کاوە ئەمین

تێبینی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی رووداوی رۆژی دووشممە (٨/٨) بڵاو کراوەتەوە.

لەم رۆژانەی پێشوودا، سوواری تەکسییەک بووم، جیاوازیی نێوان ئەم تەکسییە و زۆربەی ئەوانی دیکە ئەوە بوو کە گۆرانی تورکی و عەرەبی و فارسی لێنەدەدا، دیاریش بوو لەو کەسانە نەبوو کە رک لەسک بێت و کەسێکی تا بڵێی کوردستانی بوو. لەو ماوە کەمەی کە پێکەوە بووین لە چەندین دەرگاماندا، گرانی بەنزین، ناهۆشیاری خەڵک، دردۆنگی ئۆپۆزسیۆن و بێمنەتی حکومەت. لە وڵاتێکدا کە وەک دەڵێن دوومەم وڵاتە لە دنیادا کە نەوتی خەزنکراوی هەیە و بەدەست بێ بەنزینی و گرانیی و خراپی بەنزینەوە بناڵێنێت، مەگەر مرۆڤ بتوانێت تەنیا بە یەک وشە پێناسەی بکات، ئەویش شەرممە.
هەر لەیەکەم ڕۆژی رەمەزانەوە خەڵک هاواری لێهەستاوە و باس باسی بەرزبوونەی نرخی شتومەکە، سەیرە زۆربەی دووکاندارەکان لەم مانگەدا خۆیان برسی دەکەن و هەندێکیان هەر قسەشیان لەگەڵ ناکرێت، گوایە خواپەرستی دەکەن، بەڵام لەو مانگەدا شتەکانیان گران دەکەن! ئەی خەڵکەکەی دیکە. کابرا، نیوکیلۆ ترشیاتی پێویستە بۆ سەر سفرەکەی، دەچێت چوار کیلۆ دەکرێت. ناسیاوێکمان پۆلێک مریشکی کریبوو، سی چلێک، وەکو ئەوەی ئیتر کوردستان چاوی نە بە هێڵکە و نە بەمریشک نەکەوێتەوە. زۆرجار لێرە کە باسی ئەوە دەکەیت لە ئەوروپا بە دانە، یانیش بە گرام هەندێک شت دەکڕن، گاڵتەیان لێدێت، بۆ نموونە کەسێکی دانیمارکی ناچێت پێنج کیلۆ تەماتە بکرێت، دوو دانەی جوان هەڵدەبژێرێت و بەشی پێداویستیەکەی دەکات، بەڵام لە کوردستان ئەگەر عەلاگەکە پڕنەکەیت و بەرودراوسێ نەدبین، حلێب نییە، ئێمە بۆخۆمان ناژین بەڵکو بۆ خەڵک دەژین.
کاکی شۆفێر باسی ئەوەی کرد باشە ئەگەر بیرەنەوتێک بتەقێتەوە لەم وڵاتەدا دەبێت رووبکەینە کوێ؟
بەنزینی موحەسەن و ناموحەسەن هێندە بێکەڵکن کە لە چەندین لاوە زەرەر لەم وڵاتە دەدەن. لەلایەک ماشێنی هاووڵاتیان بەهیلاک دەبات، لەلایەک دیکەوە هێندە غاز و پاشماوەی خراپ دەکاتە دەرەوە کە ژینگەکەمان بەتەواوەتی پیس دەکات، ئاخر ئەگەر پیسبوونی ژینگە و خواردنی خۆراکی خراپ و بەسەرچووی "دراوسێکانی" دەوروبەر نەبێت کەبەسەر ئێمەدا ساخی دەکەنەوە، ئەو هەموو جەڵدە و نەخۆشییە کوشندانەی رۆژانە گیانی دەیان هاووڵاتی دەکێشن، لە کوێوە دێن؟
تورکیا و ئێران هەر خواردنی بەسەرچوو و بێکەڵکمان پێنافرۆشن، بەڵکو هەرچی جبەخانەی کۆنی خۆیان هەیە لە کوردستان دەیتەقێننەوە، کەچی ئێمە هێشتا هەر بە وشەی "نیگەرانین"، وەڵامیان دەدەینەوە، ئێ خۆ حکومەت دەتوانێت هیچ نەبێت کەناڵی سەحەر لە کوردستان شاربەدەر بکات و نەیەڵێت جارێکی دیکە رووبکنەوە بەم وڵاتەدا کە رۆژانە سووکایەتی بە حکومەتی هەرێم دەکەن، سەیرەکە لەوەدایە خەڵکانێک هەن لەو کەناڵەوە باسی نەبوونی ئازادی و خراپی دەستەڵات لە باشووری کوردستان دەکەن، وەکو ئەوەی ئێران لوتەکی دیموکراتی جیهان بێت، ئەوەیە ریسووای.
کاکی شۆفێر تەنها گلەیی لە حکومەت نەبوو بەڵکو دەیگوت ئێمە میللەتێکی ناهوشیارین و وڵاتی خۆمان خۆشناوێت، رۆژانە کە خەڵک سوار دەکەم و فێنکەرەوەکیان بۆ هەڵدەکەم، لەپڕ یەکێک دەڵێت ئا ئەو جامەم بۆ بکرەوە با ئەو بتڵە فڕێ دەم؟ پێیان دەڵێم کاکە داینێ دوایی خۆم فڕێی دەدەم، کەچی لە وەڵامدا هەندێکیان دەڵێن: دەتەوێت بەوە خۆشەویستی خۆت بۆ نیشتیمان نیشان بدەیت؟
بەڵی ئەوەیش بەشێکە لە خۆشەویستی، ئەوەیش بەشێکە لە لێپرسراوێتی، ئاخر خۆ وابزانم یەکێک لە کەنەدییەکانی ئەمریکا بوو وتبووی "مەڵێ نیشتیمانەکەم چی بۆ کردووم، بڵێ چیم بۆ نیشتیمانەکەم کردووە".
بۆ ئەوەی لەم هەموو تەنگەشەیە ڕزگارمان بێت، پێویستیمان بەچاکسازی هەیە، چاکسازی هەم لەنێو حکومەت و پارتەکاندا و هەمیش لەناو خۆماندا وەکو تاک، چونکە دواجار تاکەکان بەیەکەوە هەم پارت و هەم حکومەت و هەمیش جڤاک بەگشتی پێکدەهێنن. ئێمە هەموومان دەمرین بەڵام نیشتیمان دەمێنێتەوە، راستە مرۆڤەکان ناتوانن هەموویان ببن بە ماندێلا، بەڵام سەدانی وەکو حوسنی مووبارەکیان لێ دروست دەبێت، بەڵام بەچی دەچێت ئەوەتا بە ڕاکشانەوە مەحکەمە دەکرێت، نیشتمان ئەگەر بەناچاری نەبێت، دوای مردنیشیان خەڵکانی وا لەخۆ ناگرێت.


Inga kommentarer: