به‌خێربێن بۆ وڵاتی خۆتان



04 augusti 2011


قەندیل ئێرانیش دەهەژێنێ!

کاوە ئەمین

تێبینی: ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی (رووداو)ی  ١ ئابی ٢٠١١ دا بڵاو کراوەتەوە.

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، تورکیا و ئێران بە جیابێت یانیش پێکەوە، بۆردومانکردنی باشووری کوردستانیان خستۆیە پێشی پێشەوەی ئەجندای سیاسی و سەربازی خۆیانەوە، تا ئێستا دەیان هاووڵاتی کورد بوونەتە قووربانی. هەرچەندە ئەو دەوڵتانە (PKK  و پەژاک) دەکەنە بینانوو، بەڵام ڕاستییەکەی ئامانجیان هەموو کوردە و گرنگ نییە بۆیان کوردی کوێندەر دەکوژرێت، چونکە لە دیدی ئەو داگیرکەرانەوە یەک کورد هەیە ئەویش  "کوردی خراپە"، ئیتر ئەو هەموو شێڕ و ڕێوی هێناوەیەی نێو رۆژنامەکان و شیکردنەوە و ماستاوکردنی بێتام و لێکدانەوە و پاساوهێنانەوە هەمووی قسەی رووتن وەک شاعیر دەڵێت: قسەیش ناچێتە ناو گیرفانەوە.


سەیرەکە لەوەدایە، وتەبێژی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە (رووداو) باسی ئەوە دەکات، گوایە دەبێت "سەروەری خاکی عێراق" لە لایەن دراوسێکانییەوە بپارێزرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە وا بۆ هەشت ساڵ دەچێت ئەمریکا لە عێراق باڵا دەستە، بەڵام نەک نەیتوانییەوە ئەو "سەروەرییە" بپارێزێت بەڵكو ئێران بە کەیفی خۆی لە بەغدا تەراتێنیەتی و سنوورەکانی باشووری کوردستانیش بە بەردەوامی بۆردومان دەکات، با باسی تورکیا لەو لاوە بوەستێت کە هاوپەیمانی خۆیانە. ئێستا ئیتر خەریەکە گەمەی "تۆم و جێری" کۆتایی پێدێت، جێڕی بە کەیفی خۆی تۆم دەهێنێت و دەبات. ئێران دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت، ئێوە لێرە بن یان نا، ئێمە درێژە بە سیاسەتی خۆمان دەدەین. ئەو سیاستە دژبەکوردەی  ئێران گرتوویەتیەبەر بەبێ پرس و ڕا بە سووریا و تورکیا و تەنانەت هاوپەیمانەکانی لە عێراق نییە و نایکات، هەربۆیە دەوڵەتی عێراق جگە لە دەربڕینی نارەزایەتییەکی شەرمنانە تا ئێستا، ئەوەیش لەسەر زاری وەزیرە دەرەوە کوردەکەی، لە کردەوەدا هیچی نەکردووە، دەنا دەبوو ئێستا ئەو پرسە ببردرایەتە نێو ئەنجومەنی ئاسایشی  ئێودەولەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وڵاتانی ئیسلامیش بەهەمان شێوە وەکو ئەوەی کورد کافربن، نوزەیان لێوە نایەت.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نارەزایەتییەکانی تەنها لە شێوەی نیگەرانیدا دەردەبرێت، ناکرێت وڵاتێکی گوایە دراوسێ!  بۆدرومانی خەڵکی وڵاتەکەت بکات و لە وەڵامدا بڵێی نیگەرانین، دەکرا هیچ نەبێت نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە تاران بکێشرابووایەوە بۆ کوردستان و کۆنسوڵخانەکانی ئێرانیش وەکو نارەزایەتی بنێردرانایەتەوە بۆ تاران. دەکرا ئەگەر نەیانەوێت بە ئاشکرایش بێت ئەوا بەدەیان خۆپیشاندانی جەماوەری لە شارەکانی کوردستان ڕێکبخەن،  خۆ حیزب نییە لەم وڵاتەدا بە دەیان و سەدان ڕێکخراوئ "مەدەنی" نەبێت ! یان حاجی بیلای کۆمەڵەی ئیسلامی دەچێت پاساو بۆ ئێران دەهێنێتەوە، وەڵڵا ئێران خەبەری پێداوان و لەگەڵ پارتی و یەکێتی رێکەوتوون. ئەی بۆ یەک مەلای مزگەوت لەم کوردستانەدا، خوتبەی نوێژی هەینی بۆ ئەو دەسترێژیانەی ئێران تەرخان نەکرد، بەڵام بەدەیان مەلا وەکو ئەوەی هەنگیان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا، هاواریان دەکرد لە سەد سالی ڕابردوودا جیهادی وا نەکراوە؟ ئەی فەیلەسووف و ڕووناکبیران، بۆ نایەنە وەڵام لە کاتێکدا بۆ خەڵکی میسر و تونس، ئامادەبوون خۆیان و فەقێکانیان بکەن بە قووربانی؟

ئەوەتا "دۆستێکی" کوردیش، ولادمیر ڤان ویڵخنبێرخ، نەسیحەتمان دەکات کە لە جیاتی ئەوەی "تەحەدای ئێران بکەین و داوای وەستانی تۆپبارانەکان بکەین، باشترە گوندەکانی سەرسنوور ڕاگوێزین"، وەکو ئەوەی کورد وڵاتی خەڵکی دیکەیان داگیرکردبێت، ڕەنگە لەو روانگیەوە ئەو فەرمایشتانەمان پێ بڵێت کە ئێران و عێراق دوای رێکەوتنی جەزائیر پەیماننامەیەکیان هەبوو بۆ چٶلکردنی سنوورەکانی کوردستان بە هەردوو دیودا! نا کاکە نا، کێ هەیە بەدەستی خۆی وڵاتی خۆی ڕابگوێزێت؟ مەگەر کاتێک ئەڵمانییەکان، هۆڵندایان داگیر کرد، خەڵکی هۆڵەندا گوڵبارانی نازیەکانیان دەکرد؟ نەخێر، راستە هۆڵەندیەکان دوای ٥ ڕۆژ تەسلیم بوون بەڵام ڕێکخراوێکی نهێنیان دروستکرد بۆ رووبەروونەوەی نازیەکان و چیشیان لەدەست هات درێخیان نەکرد.

باشە ئەگەر سنوورکان بەهۆی (پەژاک)ەوە  بۆردومان دەکرێت، بەڵام خۆ خەڵکی خانەقین پەژاکی نین تاوەکو  ئاوی ئەڵوەنیان لێبگرێتەوە، ئەوەتا ئێستا پلانی ئەوەیان هەیە کە رووباری سیراونیش بەتەواوەتی وشک بکەن، کەواتە ئێران و تورکیا نەخۆشیەکەیان  هەبوونی کوردە نەک شتێکی دیکە. بۆیە ئەو شەڕە نەخوازراوە، شەرێکی داگیرکارانەیە و بەرپەرچدانەوەشیان لە لایەن پەژاکەوە مافێکی ڕەوای گەلی کوردە، هەربۆیە دەبێت پشتیوانی گریلاکانی کورد بکرێت، قەندیل جارێک بەغدا و جارێکیش تورکیایی هەژاند، ڕەنگە ئەمجارە تارانیش بهەژێنێت.








Inga kommentarer: