بوله‌ند توران: "ئێمه یه‌کێتی کوردمان ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردن ناوێت"
کاوه ئه‌مین
لایه‌نگرانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێکی پشتیوانی له‌و پارته کردووه له شێوه‌ی ئاهه‌نگگێران و گردبوونه‌ی سیاسی. بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسی باکووری کوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12 ته‌مووز داهاتوو، ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و ئه‌ندامی شاره‌داری گه‌وره‌ی قه‌یانپار له دیاربه‌کر (ئامه‌د) ئاماده‌کردووه که هه‌م وه‌کو هونه‌رمه‌ند و هه‌میش وه‌کو سیاسییه‌ک بۆ پشتیوانی کوردانی تاراوگه له به‌ره‌ی ره‌نج، سه‌ردانی سوێدی کردبوو.
کاوه ئه‌مین: ده‌کرێت خۆتمان پێ بناسێنیت؟
بوله‌ند توران: من ناوم بوله‌ند تورانه، هونه‌رمه‌ندم و له ساڵی 2009، له‌سه‌ر لیستی BDP کاندیدکرام بۆ هه‌ڵبژارنی شاره‌وانییه‌کان، ئێستا ئه‌ندامی شورای شاره‌وانی قه‌یانپنارم له شاره‌وانی مه‌زنی ئاماده.
کاوه ئه‌مین: کۆمیسۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا بڕیاری ڤیتۆکردنی 12 کاندیدی سه‌ربه‌خۆی دا، به‌ڵام هه‌رزوویش به‌شیمان بوونه‌وه، ئه‌و دوو هه‌ڵوێسته جیاوازه له‌کاتێکی وا که‌مدا بۆ؟
بوله‌ند توران: ئێمه له کوردستان و تورکیا 61 کاندیدی سه‌ربه‌خۆمان دیارکردووه، چونکه له تورکیا، ئه‌گه‌ر وه‌ک پارت به‌شداری بکه‌یت ده‌بێت ڕێژه‌ی 10% ده‌نگده‌رانی هه‌موو تورکیا به‌ده‌ست بخه‌یت. راستیه‌که‌ی ئه‌و به‌ربه‌سته‌شیان بۆ کورد داناوه بۆیه نایه‌نه‌وێت بیگۆڕین، ده‌نا ئێمه ناچارنه‌ده‌بووین به کاندیدی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری بکه‌ین. کاتێک AKP ناوی کاندیده‌کانی ئێمه بینی که له که‌سایه‌تی نیشتیمانپه‌روه‌ری کورد و که‌سایه‌تیه به‌هێزه‌کانن، که‌وته فرتوفێڵ، به‌تایبه‌تی ئه‌وان چه‌ند ساڵێکه له‌سه‌ر حوکمن و له سووپاوه بیگره تا کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان خه‌ڵکی گوێڕایه‌ڵی خۆیان هه‌یه، بۆیه ویستیان به‌ناوی دیموکراتی و دۆزی KCK وه زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره‌مان لێبده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌وان چاوه‌ڕوانیان نه‌ده‌کرد ئه‌وه بوو که گه‌لی کورد له باکوور به‌وشێوه گرسه‌ییه بڕژێنه سه‌رشه‌قامه‌کان و ته‌نانه‌ت رووبه‌ڕووی تانک و تۆپی تورک ببه‌نه‌وه، له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ندێک له رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ره تورکه دیموکراتخوازه‌کان هه‌ڵوێستێکی باشیان نیشاندا، هه‌روه‌ها له ئه‌وروپا و زۆرشوێنی دیکه‌وه ڕه‌خنه له تورکیا گیرا، بۆیه تورکیا ناچاربوو بڕیاره‌که‌ی خۆی بگۆڕێت. کاتێک گه‌لی کورد به‌ڕێگای دیموکراتی هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام ئه‌وان به‌وشێوه‌یه وه‌ڵامی بده‌نه‌وه، ئه‌وا بێگومان به که‌ڤه‌ر و به‌رد و دار وه‌ڵامی تورکیا ده‌ده‌نه‌وه، ئێمه له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا نین، به‌ڵام که ڕێگاکانمان لێ‌بگرن، خۆ وه‌کو په‌ز له‌به‌رده‌میاندا دانانیشین و سه‌رمانبڕن. ئه‌وه‌تا گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌یانه‌وێت به شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه مافه‌کانیان به‌ده‌ست بخه‌ن، به‌ڵام که ڕێگای دیموکراتی ده‌گیرێت، خه‌ڵک ناچار ده‌بێت په‌نا بۆ ڕێگای دیکه ببات. ئێمه خۆشحاڵین که هه‌موو کوردستان به‌ره‌و خۆڕێکخستن ده‌چێت، به‌ڵام له باکووری کوردستان باشتره چونکه به‌هۆی بارودۆخه‌که‌وه میلله‌ت هه‌مووی له سیاسه‌ته‌وه گلاوه و خۆیان به‌دواچوون بۆ رووداوه‌کان ده‌که‌ن.
کاوه ئه‌مین: ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی ئێوه له‌دوای هه‌ڵبژانده‌کانی 2009، گیران، پێتان وایه له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یش رووبه‌ڕووری شتێکی واببنه‌وه؟
بوله‌ند توران: ڕاستیه‌ک هه‌یه که ده‌بێت هه‌موو که‌س بیزانێت، ئێستا له کوردستاندا تا دێت BDP گه‌وره‌تر ده‌بێت، له ساڵی 2009 شدا هه‌روابوو، ئه‌وه‌یش به که‌د و ماندبوونی هه‌ڤاڵانی ئێمه په‌یدابووه، ئێمه سیاسه‌تمان کردۆته هۆکارێک بۆ به‌دیهێنانی یه‌کسانی، دیموکراتی و وه‌کهه‌ڤی، ئه‌و به‌هێزبوونه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و داوده‌ستگا حکومییه‌کان سڵ بکه‌نه‌وه و ترسیان لێبنیشت. هه‌ربۆیه زۆری پێنه‌چوو به بیانووی دۆزی KCK وه، ژماره‌یه‌کی زۆر له هه‌ڤاڵانی ئێمه‌یان ڕاپێچی زیندان کرد، ئه‌وه‌یش په‌یوه‌ندی به دۆراندندنیی AKP وه هه‌بوو له کوردستاندا، جاری یه‌که‌م بوو کورد سه‌رکه‌وتنی وا گه‌وره به‌ده‌ستبهێنن، بۆیه باری ده‌رونی سیاسیاین تێکچوو، به‌ڵام هه‌چییه‌ک رووبدات له داهاتوویشدا، محاڵه جارێکی دیکه بتوانن کورد به‌چۆکدا بهێنن.
کاوه ئه‌مین: ئه‌و کاته هه‌ڵوێستی کورده‌کان چۆن بوو؟
بوله‌ند توران: ئێستا ئاستی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئاستێکی بڵندایه، ئیتر جاران نییه کورد وه‌کو مێگه‌ڵ لێبخوڕدرێن و که‌س ئاوڕنه‌داته‌وه، ئێستا ناوه‌ڕۆکی دیموکراتی، ئازادی و وه‌کهه‌ڤی وه‌کو خۆی ده‌ناسێت، ئاخر ئه‌و گه‌له ئه‌وه سی ساڵه له‌نێو شه‌ڕدایه، ئه‌وانه‌ی له کوردستاندا پشتیوانی AKP یان ده‌کرد خه‌ڵکانی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، کوردستانیان له‌وه تێگه‌یشتوون که دیموکراتییه‌که‌ی ئه‌وان بۆ خه‌ڵکانی ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆیه به‌ڕێگایه‌کی دیموکراتیانه وتیان ئیدی به‌سه. چونکه کورد چاره‌ی شه‌ڕ و توندوتیژی ناوێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ناچارمان نه‌که‌ن، کوا ئێمه توندوتیژی به‌کارده‌هێنین. مێژووی جینۆسایدکردنی کورد دیار و ئاشکرایه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئێمه داوا ده‌که‌ین که له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی ئێستادا خۆبه‌رێوه‌بردن به‌ده‌ستی کورد دروستبکه‌ین تا خۆمان کوردستان به‌ڕێوه‌به‌رین و له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا کۆنفیدراڵییه‌ک دروستبکه‌ین.
کاوه ئه‌مین: پێتوایه زه‌مینه‌یه‌کی وا هه‌بێت؟
بوله‌ند توران: پێش هه‌مووشتێک ئه‌وه کار و خه‌باتی ده‌وێت، هۆشیاریه‌کی به‌رفراوانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێت، به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێت گه‌لی کورد مێژوویه‌کی ده‌هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه، ئێمه هه‌زاران ساڵه سه‌ره‌ڕای داگیرکاریش له گونده‌کاندا خۆمان کاروباری خۆمان به‌رێوه بردووه.
کاوه ئه‌مین: جیاواز له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو، کورد هه‌وڵیان دا به‌ره‌یه‌ک دروست بکه ئه‌و هه‌وڵانه به کوێ گه‌یشتن؟
بوله‌ند توران: له‌ڕاستیدا ئه‌وه پرۆژه‌ی ئێمه بوو "یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتیک"، شتێک هه‌یه ده‌بێت فێری بین، ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌کێتیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو خۆماندا دروست نه‌که‌ین، له‌به‌رده‌م دوژمانماندا سه‌رکه‌وتنمان زه‌حمه‌ته. هه‌ندێک که‌س هه‌ن به‌هه‌ڵه له‌و یه‌کێتیه تێگه‌یشتوون، ده‌ڵێن دیموکراتی گه‌لی ئه‌وه‌یه گه‌ل خۆی خۆی به‌ڕێوه به‌رێت، به‌ڵام شته‌که هه‌روا نابێت، ئێمه ده‌بێت له‌وه تێگبه‌ین که بیروباڕی جیاواز له‌نێو کورددا هه‌یه، شتێک ڕه‌نگه لای تۆ ڕاست بێت به‌ڵام به‌لای منه‌وه هه‌ڵه بێت، به‌ڵام ئه‌وه به‌ومانایه نایه‌ت که نه‌توانین به‌یه‌که‌وه کاربکه‌ین. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێک لایه‌ن بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌و به‌ره‌یه له‌ژێر گاریگه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستاندایه، به‌ڵام به‌راستی ئیتر ئه‌مه بووه به‌خه‌ڕه‌ک و هه‌ر لێده‌درێته‌وه، تورکه‌کانیش هه‌روا ده‌ڵێن، ئه‌و خه‌ڵكه خۆی ئیراده‌یه‌کی هه‌یه و که‌س ناتوانێت به‌زۆر هیچی به‌سه‌ردا فه‌رز بکا‌ت، خۆ تورکیا له لایه‌نی زۆرداری و هێزه‌وه دووهه‌م سووپای ناتۆیه ئه‌ی بۆ ناتوانن کورد وا لیێبکه‌ن به‌دڵی ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وت بکا‌ت، به‌داخه‌وه هه‌ندێک لایه‌ن ته‌نانه‌ت به قسه‌یش دژایه‌تی تورکیا ناکه‌ن، به‌ڵام هه‌زار به‌یتوبالۆره بۆ ئێمه ده‌هۆننه‌وه، کورد ده‌ڵێت ئه‌وه عه‌رز و ئه‌وه گه‌ز. ئێمه له‌دڵه‌وه خوازیاری ئه‌وه بووین که هه‌موو لایه‌نێکی کوردی به‌شداری ئه‌و یه‌کێتیه نه‌ته‌وه‌ییه ببێت، به‌ڵام دیسانیش سه‌ر‌که‌وتنێکی گه‌وره‌یه، ئێمه یه‌کێتیمان ته‌نها بۆ کاتی هه‌ڵبژاردن ناوێت به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت وه‌کو پرۆژه‌یه‌کی ستراتیجی بۆ داهاتوو به‌کاری بهێنین، ئێمه ده‌بێت منداڵه‌کانمان فێربکه‌ین که ئه‌گه‌ر هه‌موویشمان وه‌کو یه‌ک بیرنه‌که‌ینه‌وه به‌ڵام دواجار ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کین و یه‌ک دووژمنی هاوبه‌شمان هه‌یه، ئێمه له‌وه‌یش زیاتر هه‌نگاو ده‌نێین و ده‌مانه‌وێت یه‌کێتی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا به‌هێز ببێت، ناکرێت له رۆژهه‌ڵاتێکدا که گری گرتووه ئێمه په‌رته‌وازه بین، مێژوو لێمان قبووڵ ناکات.
کاوه ئه‌مین: ئاینی ئیسلام له لایه‌ن AKP وه وه‌کو چه‌کێک به‌کارده‌هێنرێت له باکووری کوردستان، ئێوه چیتان کردووه تا ئه‌و چه‌که کاریگه‌ره له‌ده‌ست ئه‌وان ده‌ربێنن و له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورددا به‌کاری بهێنین؟
بوله‌ند توران: هه‌موو که‌س ئه‌و راستیه ده‌زانێت که گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕستدا له هه‌موان زیاتر خزمه‌تی ئاینی ئیسلامی کردووه، به‌شێکی زۆری کورد موسڵمانه. کوردستان لانه‌که‌ی پێغه‌مبه‌ره‌کان بووه، خۆ له تورکیا یه‌ک پێغمه‌به‌ریش له‌دایک نه‌بووه، کوردستان و میسۆپۆتامیا جێگای پێغه‌مبه‌ران بووه. ئاین شتێکی هه‌ستیاره، مرۆڤ نابێت به عه‌قیده‌ی گه‌لان بله‌یزێت. AKP ماوه‌یه‌کی زۆر پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که BDP کۆمنیستن و دژی ئاین و خودان، به‌ڵام گه‌لی کورد به‌و درۆیانه بڕوایان نه‌کرد. یه‌کێک له‌و جێگانه‌ی که خستویانه‌ته خزمه‌تی سیتسێمی تورکه‌وه، مزگه‌وته‌کانه، ئه‌وان ئه‌و مه‌لایانه دێنن بۆ کوردستان که پروپاگه‌نده‌ی تورکچێتی ده‌که‌ن، ئێستا مه‌لاکانی کورد ڕێکخراوی خۆیان هه‌یه و نایه‌نه‌وێت چیدیکه بچنه مزگه‌وته‌کان و له گۆره‌پانه‌کاندا عیباده‌ت و خواپه‌رستی و نوێژی خۆیان ده‌که‌ن، ئه‌وه هه‌ڵوێستێکی گه‌وره‌یه و نابێت به‌که‌م ته‌ماشا بکرێت.
کاوه ئه‌مین: هه‌ندێک پێێان وایه که نوێژکردنی هه‌زاران که‌سی له دیاربه‌کرد و شاره‌کانی دیکه چاولێکه‌ریه‌کی میسریانه‌یه، واته کۆپی ئه‌وێیه، ئایا ئه‌و نوێژکردنه‌ی ئێستا گرێدراوی کوردایه‌تییه؟
بوله‌ند توران: نه‌خێر، کۆپی هیچ شوێێک نییه و ته‌واو کوردانه‌یه و پێشتریش موسڵمانان و مه‌لاکانی کورد هه‌ڵوێستی وایان نیشانداوه، ساڵانه به هه‌زارن کورد مه‌ولود پیرۆز ده‌که‌ن. ئێستا مه‌لای کورد باسی سیاسه‌ت ده‌که‌ن و به‌دواچوون بۆ سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییش ده‌که‌ن، ئه‌ی بۆ نه‌ڵێین میسریه‌کان له کوردیان وه‌رگرتووه، من له‌وباوه‌ره‌دام له چه‌ند ساڵی داهاتوودا پرادیگماتیکی (که‌ڵکپه‌رستی) شۆڕشی کورد کاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابنێت. ده‌کرێت بڵێین ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێستا به‌شێکه له خه‌باتی ناتوندوتیژی گه‌لی ئێمه.
کاوه ئه‌مین: ئێو چاوه‌ڕێی نه‌تیجه‌یه‌کی چۆنن له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا؟
بله‌ند توران: ئامانجی ئێمه گه‌وره‌یه، ئێمه نوێنه‌رایه‌تی گه‌لێک ده‌که‌ین، به‌داخه‌وه ئاسته‌نگی زۆرمان له‌به‌رده‌مدایه، بۆ نموونه ژماره‌یه‌کی زۆر له ده‌نگه‌ده‌رانی کورد نه‌خوێنده‌وارن، بڕوا ده‌که‌ن پیرێژن و پیره‌مێرد کورد که ده‌چنه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان هه‌ندێکجار په‌تێکیان پێیه و ناوی کاندیده‌کانی ئێمه له‌سه‌ر لیسته‌کان ده‌پێون به‌ڵکو هه‌ڵه نه‌که‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌یشدا، ئێمه گه‌رانتی 33 ئه‌ندام په‌رله‌مێنتا‌رمان هه‌یه، بێگومان هیوامان وایه که ژماره‌یه‌کی زۆتریش کورسی به‌ده‌ست بخه‌ین.
کاوه ئه‌مین: پێتان وایه بتوانن کاریگه‌ریه‌کی واتان هه‌بێت که زاگۆنی ئه‌ساسی تورکیا بگۆڕن؟
بوله‌ند توران: ده‌وڵه‌تی تورکیا به خه‌باتی کورد و تورک دامه‌زار و ئه‌وکاته بانگاشه‌ی دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی ده‌کرا. به‌ڵام پاشان ئێمه‌یان به که‌مینه ناساند، به‌ڵام ئه‌وه شتێکی هه‌ڵه‌یه، ئێمه که‌مه‌نه‌ته‌وه نین و گه‌لێکی بیست ملیۆنین، ده‌بێت زۆرشت به ته‌وافقی هه‌ر دوو گه‌لی کورد و تورک بکرێت، ده‌بێت ناوی کورد له زاگۆنی نوێی تورکیادا بنووسرێت، ده‌بێت ددان به ئاڵای کوردان‌دا بنێن، بۆ له ئه‌وروپا هه‌ر کۆمۆنێک ئاڵای خۆی هه‌بێت، ئه‌ی ئێمه که گه‌لێکن و له‌سه‌ر خاکی خۆمان ده‌ژین ئه‌و مافه‌مان نه‌بێت، ئێمه ده‌مانه‌وێت خۆمان کوردستان به‌ڕێوه ببین و هه‌ر ده‌بێت به‌و ئامانجه‌یش بگه‌ین و هیچ هێزیک نییه سونامی کوردان له رۆژه‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به هێز و چه‌ک بووه‌ستێنێت.
کاوه ئه‌مین: هه‌ڵوێستی ئێوه به‌رانبه‌ر پارتی گه‌لی کۆماری چۆنه، ئه‌وانیش بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ده‌بێت کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ربکرێت، ئایا ئه‌وه هه‌ر بانگاشه‌ی هه‌ڵبژاردنه؟
بوله‌ند توران: CHP سیاسه‌تێکی ئاشکرایان نییه، ساڵی 1989 راپۆرتێکیان بڵاو کرده‌وه تێیدا زۆر رادیکاڵانه له ئێستا باسی کوردیان کردبوو، ڕه‌نگه هه‌ندێک شت بڵێن، ئه‌وه‌یش ده‌مێنێته‌وه بۆ دوای هه‌ڵبژاردن. ئه‌وان پێویستیان به‌وه‌یه که مێشکی خۆیان بگۆڕن.
کاوه ئه‌مین: ده‌وری پاتی کرێکارانی کوردستان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا چییه؟
بولنه‌د توران: ئێمه چه‌ند سه‌رکه‌تووبین له هه‌ڵبژاردندا، ئاستی سیاسی ئه‌وانیش هێنده ده‌چێته سه‌ره‌وه، چونکه ئیتر که‌س BDP و PKK له‌یه‌ک جیاناکاته‌وه، ئه‌وانیش کوردن و خه‌ڵکی ئه‌و کوردستانه‌ن، خۆ له ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌وه نه‌هاتوون، جاران AKP ده‌یانگوت ئێمه حه‌فتا په‌رله‌مانتاری کوردمان هه‌یه و کێشه‌که کێشه‌ی ئێمه‌یه به‌ڵام راستیان نه‌کرد ئه‌وان نوێنه‌ری کورد نین.
کاوه ئه‌مین: AKP هه‌موو ئه‌ندام په‌رله‌منتاره کورده‌کانی خۆی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دوورخسته‌وه، ئێوه چۆن که‌ڵک له‌و سیاسه‌ته وه‌رده‌گرن تا بتوانن ده‌نگی ئه‌وانیش بۆخۆتان که‌سپ بکه‌ن؟
بولند توران: راسته، هه‌ندێکیان لێره‌و له‌وێ قسه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام دیموکراسیه‌که‌ی ئه‌وان بۆ شه‌خسی خۆیان بوو نه‌ک بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد. بێگومان ده‌رگای ئێمه کراوه‌یه هه‌رکه‌سێک جا چ بیروباوه‌ڕیکی ده‌بێت ته‌نها دژایه‌تی کورد نه‌کات ده‌توانێت بێته ناو KCK وه خه‌باتی خۆی بکا‌ت، ته‌نها ڤێتۆی ئێمه دژی پارتی ره‌گه‌زپه‌رستی MHP یه، چونکه ئه‌وان ته‌نانه‌ت نایه‌نه‌وێت بڵێن کورد هه‌یه جا چ بگات به‌وه‌ی کێشه‌یه‌ک هه‌بێت به‌ناوی کیشه‌ی کورد.
کاوه ئه‌مین: مه‌رجێکی ئێوه بۆ کاندیده‌کان ئه‌وه‌یه که ده‌بێت زمانی کورد بزانن، ئه‌و مه‌رجه‌تان خستۆته پراکتیه‌که‌وه؟
بوله‌ند توران: به‌ڵی، ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن کوردی بزانن، ئێستا هه‌ندێک ده‌ستیان کردووه به فێربوونی زمانی کوردی و سۆزیان داوه که ده‌بێت فێری کوردی ببن، دیاره ره‌نگه ئێمه نه‌توانین ئه‌و مه‌رجه به‌سه‌ر تورکه‌کاندا بسه‌پێنین، به‌ڵام ئێمه دروشمێکمان هه‌یه "زمانی کوردی که‌رامه‌تی ئێمه‌یه" و تا سه‌رئێسقان پێداگیری له‌و دروشمه‌ی خۆمان ده‌که‌ین.
06.06.2011
سوید
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar