ئه‌منستی په‌نجا ساڵ دژی ئه‌شکه‌نجه
کاوه ئه‌مین
په‌نجا ساڵ پێش ئێستا، له 28 گوڵانی 1961، پارێزه‌رێکی به‌ریتانی بانگه‌وازێکی بڵاو کرده‌وه تێیدا داوای پشتیوانی له "زیندانییه له‌بیرکراوه‌کان" کرد. ئه‌و پارێزه‌ره که ناوی پیته‌ر بێنه‌سۆن بوو، مه‌به‌ستی له "زیندانییه له‌بیرکراوه‌کان" ئه‌وانه بوو که به‌هۆی بیروباوه‌ڕی سیاسی یانیش ده‌ربڕینی بۆچونێک که له‌گه‌ڵ رژێمه دیکتاتۆرییه‌کاندا نه‌ده‌هاته‌وه، زیندانی ده‌کران. ئه‌وانه‌ی که زیندانی ده‌کران ده‌خرانه ژێر ئه‌شکه‌نجه و لێدانه‌وه، یانیش سووکایه‌تی سێکسیان پێده‌کرا و هه‌ندێک جاریش هه‌ر له زیندانه‌کاندا له‌ناو ده‌بران و له‌سێداره ده‌دران.
ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه پیته‌ر سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ دامه‌زارندنی لێبوورندی نێونه‌ته‌وه‌ی (ئه‌منستی ئینته‌رناشیۆناڵ) که ئێستا له 150 وڵات‌دا چاو‌دێر و لقی هه‌یه و نزیکه‌ی سێ ملیۆن ئه‌ندامی خۆبه‌خشی هه‌یه. یه‌کێک له کاره‌کانی ئه‌منستی له‌قاودانی ئه‌و وڵات و ته‌نانه‌ت ئه‌و گروپه چه‌کدارانه‌یه که ئه‌شکه‌نجه به‌کارده‌هێنن به‌دژی نه‌یاره‌کانیان که ته‌نها تاوانیان ئه‌وه‌یه وه‌کو ئه‌وان بیرناکه‌نه‌وه یانیش به‌دژی یاسا ناداتپه‌روه‌ریه‌کاندا ده‌چێته‌وه. نابه‌رانبه‌ری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی که هێشتا به‌شێکی زۆری جیهان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت. رێکخراوی ئه‌منستی له ڕیگای خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌وه کاره‌کانی به‌رێوه‌ده‌بات له‌شێوه‌ی ئیمزاکۆکردنه‌وه، بڵاوکردنه‌وه‌ی ناوی زیندانیان و خۆپیشاندان و چالاکی جۆربه‌جۆری دیکه‌وه گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که هێشتا ئه‌شکه‌نجه‌دان، له‌سێدراه‌دان و هه‌ڵاواردنی نه‌ژادی و جنسی و ئاینییان تێدایه.
ئه‌منستی کار له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه ده‌کات که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌کو بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ دیاری کردووه،، بۆ نموونه "مافی ژیان یانیش مافی ئازادی راده‌ربڕین، به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی که تۆ کێیت و له کوێ ده‌ژی" به‌ڵام وه‌کو ئه‌وان ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن سه‌ره‌ڕای ئه‌و بانگاشانه‌یش هێشتا له‌م جیهانه به‌رینه‌دا رۆژ نییه که‌سێک له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه جیاوازه‌کانی زیندانی نه‌کرێت، یه‌کیكی دیکه ئه‌شکه‌نجه ده‌درێت تا ئیعتراف بکات و هی سێیه‌میش به‌بێ دادگا له‌سێداره ده‌درێ. راسته ئه‌منستی وه‌کو خۆشیان ده‌ڵێن کاری باشیان کردووه به‌ڵام هێشتا وه‌کو په‌نجا ساڵ پێش ئێستا که ئه‌منستی دامه‌زار، نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئێتنیکی، دینی و سیاسی نه‌ک کۆتای‌یان پێنه‌هاتووه به‌ڵکو وه‌کو کێوێك وایه که بته‌وێ به‌ده‌رزی بنکۆڵی بکه‌یت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌ندامه‌کانی ئه‌منستی ویژدانی خۆیان ئاسووده ده‌که‌ن و کۆڵناده‌ن.
لێره‌دا ته‌نها چه‌ند خاڵێک دیاری ده‌که‌م له‌و پرنسیپانه‌ی که ئه‌منستی کاریان له‌سه‌ر ده‌کات:
مافی ئازادی راده‌ربڕین و بیروبۆچوون.
هه‌ڵگرتن و نه‌هێشتنی ئه‌شکه‌نجه و له‌سێدراه‌دان.
نابێت مرۆڤه‌کان هه‌ڵاوێردرێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یان گرووپێکی ئاینی و ئێتنیکی جیاواز بن، ده‌بێت چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌ر ژنان کۆتایی پێ بێت.
په‌نابه‌ران و کۆچبه‌ران مافی خۆیان پێ بدرێ.
ژیانێک که شایسه‌تی مرۆڤ بێت له دنیایه‌کدا که به‌شی هه‌موان ده‌کات.
ئه‌منستی زۆرجار له‌سه‌ر زیندانیه کورده‌کانیش هه‌ڵیانداوه‌تێ، هێشتا به‌شێکی زۆری نه‌ته‌وه‌که‌ی ئێمه تامی ئازادی نه‌چه‌شتووه، لاوانی کورد ئه‌شکه‌نجه و له‌سێداره ده‌درێن. هیوادرام ئه‌وانه‌ی پارێزگاری له مافی مرۆڤ ده‌که‌ن له کوردستان به‌گشتی و له باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی، ده‌ستپێشخه‌ری بکه‌ن له دامه‌زراندنی لقی ئه‌منسی له باشووری کوردستان، تا ئێمه‌یش شانبه‌شانی خه‌ڵکانی دیکه دژی ئه‌شکه‌نجه و له‌سێداره‌دان هه‌م له کوردستان و هه‌میش له هه‌موو جیهان بووه‌ستینه‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی رووداوی رۆژی 30 – 5 – 2011 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar