ئه‌گه‌ر میسر هه‌ره‌سبێنێ، هه‌موویان به‌دوایدا ده‌چن
کاوه ئه‌مین
ڕۆژنامه‌ی رووداو 31-1-2011
لێکچوونێک هه‌یه له نێوان ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی پێدا تێده‌په‌ڕن له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆلیزمی عه‌ره‌بی که له سه‌ره‌تای سه‌ته‌ی رابردوودا سه‌ری هه‌ڵداو و به پاڵپشتی ئینگلیز و فه‌ره‌نسیه‌کان بووه سه‌ره‌تایه‌ک بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی. ئه‌و کاته ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌کان خوازیاری رزگابوون بوون له ده‌ست فه‌رمانره‌وایی تورک، به‌ڵام هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بی نه‌یتوانی سیستێمێکی دیموکراتی بکاته بناخه بۆ حوکمڕانی خۆی، به‌ڵکو ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری دامه‌زارن، جا یان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌که‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن وه‌کو وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی، یانیش سه‌رۆکی تاقانه له وڵاتانی وه‌کو میسر، عێراق، سووریا و لیبیا و ئه‌وانی دیکه. ئه‌مڕۆ له 22 له‌وانه‌ی پیێان ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ته‌نها لوبنان و فه‌له‌ستین و عێراق هه‌ڵبژاردنیان تێدا ده‌کرێت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاتانه نه‌بۆته هۆی سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری، ئه‌گه‌ر به‌راودریان بکه‌ین به وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌و سێ وڵاته به‌به‌رده‌وامی له کێشه‌ی دینی و نه‌ته‌وه‌ییدان، ته‌وافق نه‌بێت له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وشێن.
به‌دیوه‌که‌ی تردا ده‌توانین بڵێین عه‌ره‌به‌کان سه‌ده‌یه‌ک دواکه‌وتن و نه‌یانتوانیوه سیستێمێکی دادپه‌روه‌رانه هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌شێوه‌ی خۆیان بنیات بنێن.
رۆژنامه‌نووسێکی سوێدی له وتارێکدا باسی ئه‌وه ده‌کات که رێکه‌وت نییه وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ژاون دوای خۆپیشاندانه‌کانی میسر، چونکه به رووخانی حوسنی موباره‌ک، وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانی باکووری ئه‌فریقا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست یه‌ک به‌دوای یه‌کدا هه‌ره‌س دێنن.
ئه‌وه راستیه‌که، به‌ڵام ئایا موباره‌ک وه‌کو بن عه‌لی راده‌کات که زیاتر له سی ساڵه سیستێمێکی وه‌کو ته‌ونی جاڵجاڵۆکه چنیوه و خاوه‌نی سووپایه‌کی به‌هێزه له ناوچه‌که‌دا و ئه‌مریکایش پشتیوانی لێده‌کات؟
ده‌کرێ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بڵێین به‌ڵی، چونکه ئێرانیش له‌سه‌رده‌می شادا هه‌مان چاره‌نووسی به‌نسیب بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکای له‌پشت بوو و خاوه‌نی ده‌ستگایه‌کی سیخوڕی و سووپایه‌کی به‌هێز بوو، به‌ڵام هه‌موو گۆرانکارییه‌کان پێوه‌ندیان به‌و شه‌پۆله ناره‌زایه‌تییه‌وه هه‌یه که ئاخۆ ده‌تونێت تاوه‌کو چه‌ند خۆی رابگرێ. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌وه‌یه که له‌و ناوه‌دا هیچ هێزێکی سیاسی وه‌کو ئیسلامییه‌کان قازانج ناکه‌ن و پێده‌چێت به‌کاوه‌خۆ سواری شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌کان، ببن. ئاخر خومه‌ینی و هاوکاره‌کانیشی له‌کاتی شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا وایان کرد، ده‌نا خۆ ئه‌وه ئه‌وان نه‌بوون که ماتۆڕی شۆڕشه‌که بوون، به‌ڵام وه‌کو شۆفێرێکی زیره‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌یان به ئاقارێکدا برد که به قازانجی خۆیان بوو. بۆیه پێده‌چێت هێزه ئیسلامییه‌کان هه‌مان شت دووباره بکه‌نه‌وه که له ئێران روویدا، چونکه ده‌رنجامه‌کانی سیاسه‌تی ئه‌مریکا له ناوچه‌که‌دا، بووته ئاوێکی خوڕ و ده‌رژێته سه‌ر ئاشی ئیسلامییه‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که شۆڕش و ناره‌زایه‌تییه‌کان به‌ته‌واوه‌تی شه‌رعین به‌ڵام نه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤ جگه له ئیسلامییه‌کان بارودۆخه‌که به‌ره‌وه باشتربوون نابات به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌کان بێنه سه‌ر حوکم له‌و وڵاتانه‌دا ئه‌وا گومانی تێدا نییه که هه‌موو ئازادییه‌ک نه‌ک به‌رته‌سک ده‌که‌نه‌وه به‌ڵکه له گرێژنه‌ی ده‌به‌ن، ئێران و تاڵیبان دوو نموونه‌ی زه‌قن له ناوچه‌که‌دا. دیاره به‌هیچ شیوه‌یه‌ک مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که پارێزگاری له مانه‌وه‌ی ئه‌و رژێمه سه‌ره‌ڕۆیانه بکه‌م، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ده‌بێت خه‌ڵک ئه‌لته‌رناتیڤێکی باشتری هه‌بێت.
شۆڕشی ئه‌مجاره (شۆڕشی نان)ه و دژی گه‌نده‌ڵییه و که‌متر باسی ئازادی و دیموکراتی ده‌کرێت، مرۆڤه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ماندووبوون له‌و هه‌موو نابه‌رابه‌رییه، ئه‌گه‌رچی ئاقلانه نییه کوردستان به تونس بچوێنێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاوازییه چیانیه‌تییه‌ی که له کوردستاندا سه‌ری هه‌ڵداوه پێداچوونه‌ی بۆ نه‌کرێت، مه‌به‌ست ته‌نها به‌ڵێنی سه‌رکاخه‌ز نییه، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ی که دزیان له‌و وڵاته کردووه، ده‌بێ بیگه‌ڕیننه‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵک، ئه‌وا هیچ ده‌سته‌ڵاتێک له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ناتوانێت به ئیسراحه‌ت سه‌ر بکاته سه‌ر سه‌رین!
عه‌ره‌به‌کان سه‌ده‌یه‌ک له دیکتاۆرییان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام به‌بڕوای من له داهاتوویشدا دیکتاتۆری له ناوچه‌که‌دا درێژه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی دیکه، دیکتاتۆریه‌تێکی ئاینی، ره‌نگه خه‌ڵکه‌که پێێان وابێت هه‌ر هیج نه‌بێت له لایه‌نی رۆحییه‌وه ئۆقره‌یان ده‌داتێ، چونکه به‌شێکی خه‌ڵکی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌یانه‌وێت سکیان تێربێ و گه‌رانتی ئه‌و دنیاشیان هه‌بێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا هێشتا زووه نوخشانه‌ی رووخانی قه‌ڵای دیکتاتۆره عه‌ربییه‌کان لێبده‌ین، ئاخر له بیرمان نه‌چێت، سۆڤیه‌ت رووخا، دیواری به‌رلین تێکدرا، به‌ڵام عه‌ره‌ب مێش میوانیان نه‌بوو!
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی رووداوی ئه‌مڕۆ، 31/1 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar