قهرهج یان رۆمهکان، گهلێکی پهرهتهوازه
کاوه ئهمین
ڕۆژنامهی ڕووداو
ههرچهند من نازانم رۆمهرهکانی کوردستان خۆیان بهچی ناوزهد دهکهن، بهڵام رۆمهرهکانی ئهوروپا، نهتهوهکی خۆیان به رۆمهر ناوزده دهکهن و هیچ ناوێکی دیکه قبووڵ ناکهن که سووکایهتیان پێبکات و ئێستا له ههموو وڵاتهکانی ئهوروپا به فهرمی ئهو ناوه پهسند کراوه و زمانهکهیشیان پێی دهگورێت رۆمی.
رهگوڕیشهی رۆمهرهکان دهگهڕێتهوه بۆ وڵاتی هیندستان، ههندێک سهرچاوه باسی ئهوه دهکهن که رۆمهرهکان له ساڵانی 900 – 1000 دوای زایین، دهستیان به کۆچ کردووه، بهتایبهتی بهرهو وڵاتانی رۆژئاوای ئهوروپا. دوو هۆکاری گرنگ بۆ کۆچی رۆمهرهکان دههێنرێتهوه، یهکهمیان بههۆی ههژاری و برسێتییهوه و دووهمێشیان به هۆی بڵاوبوونهوهی ئاینی ئیسلامهوه که تا باکووری هیندستان پهلی کێشا، بههۆی ئهوهی که رۆمهرهکان نهیاندهویست بچنه ژێر باری ئاینی ئیسلامهوه.
رۆمهرهکان له وڵاتانی وهکو رۆمانیا و مولداڤیا تا ناوهڕاستی سهتهی نۆزدهههمیش وهکو کۆیله تهماشایان دهکرا و سووکایهتی دنیایان پێ کرا، ئێستایش له رۆمانیا که ژمارهیهکی زۆر له رۆمهرهکانی (نزیکهی دوو ملیۆن) لێ دهژی له بارێکی ناههمواردا دهژین و ههڵاواردن بووته بهشێکی دانهبڕاو لێیان، ههربۆیه بهناچاری پهنا دهبهنه بهر وڵاتانی دیکهی وهکو فهرهنسا و ئیتاڵیا، بهڵام لهوێیش مافی نیشتهجێبوونیان پێ رهوا نابینرێت و به کۆمهڵ دیپۆرتی ئهو وڵاتانه دهکرێنهوه، ئهوه له کاتێکدایه که ئهوان هاووڵاتی ئهوروپاین.
له کاتی جهنگی جیهانی دووهمهدا، رۆمهرهکان کهوتنه بهر شاڵاوی نازیستهکانی ئهوروپا و ژمارهیهکی زۆریان لی کۆکوژ کرا، له دوای جوولهکهکانهوه ئهوان دووهم نهتهوهن که کۆکوژ کران، بهڵام بههۆی ئهوهی که ئهوان خاوهنی قهوارهیهکی سهربهخۆ نین و پهرشوبڵاو بوونهتهوه، ئهوروپا پشتگوێی خستن و هیچ کاتێک کۆمهڵکوژی رۆمهرهکان وهکو کوشتاری جوولهکهکان سهرنجی دنیایان بۆ رانهکێشرا و نه قهرهبوو و کرانهوه و نه داوای لێبووردنیان لێ کرا له پای ئهو تاوانه گهورهیه بهسهریاندا هات. یهکێک لهو وڵاتانهی که له سهتهکانی شانزهده و حهڤده و تهنانهت پاشتریش، رۆمهرهکانی لێ چهوسێنرایهوه، سوێد بوو. تهنانهت له ساڵانی 1914 و 1953، دهوڵهتی سوێد بڕیاریدا، که نابێت رۆمهرهکان سنووری سوێد ببهزێن و مافی پهنابهریان لی زهوت کرا. ناکرێت له وتارێکدا باسی مێژووی رۆمهرهکان بنووسرێتهوه، بهڵام ئهوهی که باسم کرد تهنها مشتێک له خهرواری ئهو زوڵم و زۆردارییهی له رۆمهرهکان کراوه.
له دوای ساڵانی نهوهدهکانی سهتهی رابردووه و سیاسهتێکی هێمنانه بهرانبهر رۆمهرهکان پیاده دهکرێت له وڵاتێکی وهکو سوێد و زمانهکهیشیان یهکێکه لهو پێنج زمانه فهرمییهی کهمینهکان که به فهرمی ددانی پێدا نراوه، ئهگهرچی رۆمهرهکان خاوهنی زمانێکی نووسینی هاوبهش نین و زیاتر وهکو زمانێکی دهڤۆکی ماوهتهوه.
ژمارهی رۆمهرهکان، به بیست ملیۆن دهخهمڵێنڕیت که پانزده ملیۆنیان له ئهوروپا دهژین.
یهکێک لهو سیفهته جوانانهی که رۆمهرهکانی پێ دهناسڕێتهوه، پاک و خوێنییه، به پێچهوانهی ئهوهی که له راپۆرتهکهی رووداو دا بڵاوکراوهتهوه. چێشخانه لای ئهوان شوێنێکی پیرۆزه و دهبێت به پاکوخاوێنی رابگیرێت، منداڵ و پیرهکان له ناو رۆمهرهکاندا به پاکتر لهوانی دیکه جیادهکرێنهوه و تهنانهت له کاتی جلشتندا، جلی منداڵ و گهوره بهیهکهوه ناشۆن. رۆمهرهکان زیاتر به کاری دهستیهوه خهریکن و خۆیانی پێ دهژێنن.
یهکێک له نههامتیهکانی رۆمهرهکان ئهویه که خاوهنی ڕێکخراوێکی بههێز نین و سهتان ڕێخراویان ههیه که زیاتر بهرژهوهندی ههندێک له خیڵ و گرووپهکان دهپارێزن و یهگرتوو نین، ئهگهرچی کۆمگرێسێکیان ههیه که ناوهندهکهی له پراگه، بهڵام نهیتوانیوه ههموو ڕێکخراوهکان له خۆیدا کۆ بکاتهوه، ئهو ڕێکخراوه بانگاشههی ئهوه دهکات، که بۆ مافه فهرههنگی و مرۆڤایهتییهکانی ئهو گهله خهبات دهکات.
ئێستا رۆمهرهکان بهسهر چهندین وڵاتی جیاوازدا بڵاوبوونهتهوه، کوردستانیش یهکێکه لهو وڵاتانه. بۆیه ئهرکێکی مرۆڤانه و ئهخلاقییه که کوردیش ئاوڕیان لێ بداتهوه و وهکو کهمیهنهیهک له کوردستاندا، مافهکانیان بپارێزرێت و دهرگایان به روودا بکرێتهوه تا بتوانن له نێو نهتهوهی کورددا خۆیان بگونجێنن، مهبهستم توانهوهیان نییه، بهڵکو وهکو گهلێک هاوکاریان بکرێت. ئهوهی که توێژرهوهیهک لهو راپۆرتهی (رووداو) دا، پێی وایه قوتابخانه ناتوانێت نهریتی تایبهتی رومهرهکانی کوردستان بگۆڕێت، راست نییه، پاشان بۆ دهبێت نهریتیان بگۆڕدرێت، ئایا باشتر نییه وهکو هاووڵاتییهکی کوردستان چاویان لێ بکرێت و وایان لێ بکرێت که کوردستانیان خۆش بووێت و بهشداربن له ئاوهدان کردنهوهی وڵاتمان بکهن؟ ئهگهر توێژهرهوهیهک ئاوا به چاوێکی سووک تهمهشیان بکات و پێی وابێت که رۆمهکان هیچ کاتێک هاوکاری منداڵهکانیان ناکهن، ئهی دهبێت خهڵکی دیکه چیان پێ بڵێت که به درێژایی مێژوو، دهیان ناو ناتۆرهی نارهویان خستوونهته پاڵ.
له وڵاتێکی وهکو سوێد پاش سهتان ساڵ له چهوسانهندنهوهی ئهو گهله، دوای دهیان لێکۆڵینهوه و پشتیویانی مرۆڤپهروهرانه و توێژینهوهی زانستی، توانیان وا له دهوڵهت بکهن که تهنانهت زمانهکهیان وهکو زمانی کهمینه قبووڵ بکات، ئهوا به دڵناییهوه دهتوانرێت له کوردستانیش ههمان کار بکرێت، ههر هیچ نهبێت منداڵهکانیان فێری نووسین و خوێندنهوهی کوردی بکرێت و ڕێگایان بۆ خۆش بکرێت له زانستگهکانیشدا بخوێنن. ئێمهی کورد که له ههموو کهس زیاتر سووکایهتیمان پێ کراوه له نێو وڵاتی خۆماندا و تهنانهت تا ئێستایش زمانهکهمان له سێ پارچهی کوردستاندا له بواری پهروهردهدا قهدهخهیه، دهبێت به پێجهوانهی داگیرکهرانهوه ههنگاو بنێت و ههر کهس و لایهن و گروپێک خۆی به خهڵکی ئهو وڵاته بزانێت، ڕێزی لێ بگیرێت، فره فهرهههنگی دهوڵهمهندهییه بۆ وڵات نهک به پێچهوانهوه، چونکه ئهو دیکتاتۆرهکانن له رهنگ و دهنگه جیوازهکان دهترسن.
له بیرمان نهچێت موسیک و گۆرانی رۆمهرهکان، یهکێکه له دهوڵهمهنترین موسیکهکانی جیهان که زۆرێک له موسیکدانهره بهناوبانگهکانی ئهوروپا کهڵکیان لێوهرگرتووه بۆ بهرهو پێشبردنی موسیکی خۆیان. بۆ زیاتر بهرچاوڕوونی توێژهره بهڕێزه کوردهکه و خوێنهران تهنها چهند نموونهیهک له کهڵه دااهێنهرهکانی جیهان به نموونه دههێنمهوه که سهر به رۆمهرهکانن، لهوانهیش ئهکتهری بهناوبانگی جیهانی ئهمریکی یول براینهر، ریتا هایوۆرس، ههروهها ئهکتهری بهریتانی مایکیل کانه و بۆب هۆسکین. ههرهوهها ئهکتهری بهناوبانگی کۆمیدی دنیا، چارلی چاپلن سهر بهو گهله بووه که نهک دابونهریتی خۆیان بهڵکو دابونهریتی جیهانیشیان گۆڕی.
تێبینی 1: بۆ نووسینی ئهم بابهته کهڵکم له کتێبیکی (Ingmar Kalrsoon, Europas Styvbarn) به زمانی سوێدی وهرگرتووه که به کوردی دهبێته (زڕمنداڵهکانی ئهوروپا) وهرگرتووه.
تێبینی 2: ئهم وتاره له ڕۆژنامهی (رووداو)ی 10 -1 ، بڵاو کراوتهوه. پێدهچێت لهبهر درێژی بابهتهکه، پهرهگرافی کۆتایی ئهم وتاره له (رووداو) دا، بڵاو نهکربێتهوه، من لێرهدا ئهو پهرگرافهیش دادهنێم، که دهربارهی موسیکی رۆمهرهکانه.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar