هه‌زار خۆری دره‌وشاوه
کاوه ئه‌مین
له‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆماندا، زۆرجار پێویستمان به‌وه نییه وه‌ک گه‌ڕۆکه ئه‌وروپییه‌کان یانیش وه‌کو ئه‌ولیا چه‌له‌بی تورک، دنیا په‌یی بکه‌ین تا بتوانین به فه‌رهه‌نگ و مێژووی گه‌لان ئاشنا ببین.
ده‌کرێت له ڕێگایی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێکه‌وه، هێنده زانیاری به‌ده‌ست بخه‌ین که ڕه‌نگه زۆرێک له دانیشتووانی ئه‌و وڵاته‌ی ڕۆمانه‌که‌ی له‌سه‌ر نووسراوه، خۆیان ئاگایان لێی نه‌بێت.
ئه‌فغانستان یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی جیهان که خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی که‌وناره و دابونه‌ریتی تایبه‌ت به خۆیه‌تی.
خالید حوسێنی، له ڕێگای نووسینی دوو ڕۆمانه‌وه، توانیویه‌تی، مێژووی تازه‌ی ئه‌و وڵاته و ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و داگیرکارییه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا هاتووه، نیشانی دنیا بدات.
له دوا ڕۆمانی خۆیدا به ناوی “هه‌زار خۆری دره‌وشاوه” که سه‌ره‌تا به ئینگلیزی نووسراوه
“A thousand splendid suns “ و وه‌رگێردراوه‌ته سه‌ر چه‌ند زمانی جیهانی، باسی ساڵانی 1970 تا کۆتایی ده‌سته‌ڵاتی تالیبانه‌کان و هێرشه‌کانی ئه‌مه‌ریکا؛ “شه‌ڕی تیرۆر”، ده‌کات.
من خۆم کتێبه‌که‌م به زمانی سوێدی خوێندووه‌ته‌وه.
پاڵه‌وانه سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆمانه‌که، دوو ژن و پیاوێکن، به ناوی مریه‌م، له‌یلا و ڕه‌شید. ئه‌و سێ کارکته‌ره هه‌ریه‌که‌یان نوێنه‌رایه‌تی توێژێکی کۆمه‌ڵگای ئه‌فغانستان ده‌که‌ن و هه‌ریه‌که‌یان به جۆرێک بۆ خۆشه‌ویستی، سیاسه‌ت، شه‌ڕ و چه‌وساندنه‌وه ده‌ڕوانن.
مریه‌م کچی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاری هه‌راته که سێ ژن و کۆمه‌ڵێ منداڵی هه‌یه. باوکی مریه‌م له‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا، ده‌ستدرێژی ده‌کاته سه‌ر دایکی مریه‌م که وه‌ک کاره‌که‌ر له ماڵه‌که‌یاندا، خزمه‌ت ده‌کات.
واته مریه‌م به “زۆڵ”ێتی له دایک ده‌بێت، که تا ده‌مرێت وه‌کوو په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش له هه‌موو چرکه ساتێکدا به‌بیری ده‌هێننه‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی مریه‌مه‌وه، له‌یلا له بنه‌ماڵه‌یه‌کی خوێنده‌واردا له دایک ده‌بێت و هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه عاشقی کوڕه دراوسێیه‌کیان، به ناوی تاریق، ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ردووکیان ده‌بنه قوربانی شه‌ڕ، تاریق کابۆل به جێ ده‌هێڵێت و ڕوو ده‌کاته پاکستان، به‌ڵام ئه‌وه نابێته هۆی دامرکاندنه‌وه‌ی ئه‌ڤینه‌که‌یان.
باوکی له‌یلا پیاوێکی خوێنده‌واره و مامۆستایه، خه‌و به ئه‌فغانستانێکی پێشکه‌تووه‌وه ده‌بینێت، هه‌رچی دایکی له‌یلایه پشتیوانی له یه‌کێک له لایه‌نه شه‌ڕکه‌ره‌کانی موجاهیدین ده‌کات که دوو کوڕی له‌گه‌ڵیاندا ده‌جه‌نگن و پاشان ده‌کوژرێن.
له‌یلا به چه‌ند ڕۆژێک پێش ئه‌وه‌ی تاریق، کابۆل به‌جێ بهێڵێت کچێنییه‌که‌ی پێشکه‌شی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات.
له یه‌کێک له شه‌قامه‌کانی کابۆلدا، شایه‌تی ده‌یان تراژیدیا و چاره‌نووسی کۆمه‌ڵیک مرۆڤ ده‌بین که بوونه‌ته قوربانی شه‌ڕ، تیرۆر، کۆمۆنیسته‌کان و موجاهید و تاڵیبانه‌کان، به‌ڵام هه‌ندێک جاریش ڕووبه‌ڕووی چرکه‌ساته خۆشه‌کانیش ده‌بینه‌وه، به دزییه‌وه ته‌ماشاکردنی فیلم و کارتۆنی منداڵان و گردبوونه‌وه‌ی به‌رودراوسێ له کاتی ژه‌مێکی نانخواردندا.
مریه‌م له‌لایه‌ن باوکییه‌وه به زۆر ده‌درێته پیاوێکی کابۆلی؛ ڕه‌شید، ئه‌و پیاوه‌ی وا سیسته‌می ترس و تۆقاندن له ماڵه‌که‌ی خۆیدا پیاده ده‌کات؛ ڕێک هه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ی که تاڵیبانیش به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئه‌فغانستاندا سه‌پاندبوویان.
هه‌ر له هه‌فته‌ی یه‌که‌مه‌وه تا ئه‌و کاته‌ی ڕه‌شید تۆڵه‌ی لێ ده‌کرێته‌وه، مریه‌م لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ی رۆحی ده‌بێته به‌شێک له ژیانی، که دواجار ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که نه‌توانێت منداڵی ببێت.
شه‌ڕی موجاهیدین و سۆڤیه‌ت، شه‌ڕی تاڵیبان و موجاهیده‌کان، شه‌ڕی نێوان گرووپه جۆراوجۆره ئیسلامییه‌کان و تیرۆری ڕژێمی کۆمۆنیستی به زۆر سه‌پێنراو و پاشانیش شه‌ڕه تیرۆره‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا، ده‌بنه ئه‌و تاعوونه‌ی که ڕۆژانه گیانی ده‌یان که‌س ده‌کێشێت. مووشه‌ک جێگای باران ده‌گرێته‌وه.
دایک‌وباوکی له‌یلا له موشه‌کبارانێکی کابۆلدا ده‌کوژرێن و له‌یلایش به سه‌ختی بریندار ده‌بێت.
ڕه‌شیدی دراوسێیان که به وردی هه‌موو جموجوڵێکی له‌یلا و تاریق ده‌خاته ژێر چاوه‌دێرییه‌وه و ڕۆژانه گوێبیستی قسه‌وقسه‌ڵۆکی خه‌ڵک ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ستی “مرۆڤانه‌ی” ده‌جووڵێت و داڵده‌ی ده‌دات تا برینه‌کانی چاک ده‌بێته‌وه، پاشان ده‌یکاته هاوسه‌ری خۆی.
زۆری پێ ناچێت، له‌یلا دووگیان ده‌بێت، به‌ڵام زۆر ناخایێنێت که ڕاستییه‌کان له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌که‌ی تاریقدا که ئاخۆ کێ باوکی کچه‌که‌ی له‌یلایه، په‌رده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ماڵدرێت.
له‌یلا که به کوردییه‌که‌ی خۆمان ده‌بێته هه‌وێی مریه‌م، سه‌ره‌تا ده‌بێته گرێیه‌ک و ده‌چێته سه‌ر دڵی، به‌ڵام ڕۆژێک له‌یلا له‌سه‌ر مریه‌م په‌لاماری ڕه‌شید ده‌دات و قه‌ڵای ترس و تۆقاندن ده‌ڕووخێنێ، ئیتر له‌و ساته‌وه گۆڕانکاری به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانیاندا دێت به جۆرێک که کچه‌که‌ی له‌یلا له دایکی زیاتر هۆگری مریه‌م ده‌بێت.
ڕۆمانی “هه‌زار خۆری دره‌وشاوه”، ڕۆمانێکه که دوای خوێنده‌وه‌ی تا ماوه‌یه‌کی زۆر مێشکی خوێنه‌ر به خۆیه‌وه جه‌نجاڵ ده‌کات.
خالید حوسێنی، مێژووی سی ساڵی ئه‌فغانستان و پێناسه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگا و خێزان و ورده‌کارییه‌کانی ژیان له‌و ڕۆمانه‌دا وه‌کو زنجیرێک، ئه‌ڵقه له دوای ئه‌ڵقه به یه‌که‌وه گرێ ده‌دات، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناخۆشییانه‌ی که نووسه‌ر تیشکیان ده‌خاته سه‌ر، به‌ڵام هیوا به ژیان هێشتا له نێو که‌لاوه‌کانی کابولدا له شێوه‌ی جۆراوجۆردا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن.
خۆ له خۆڕا نه‌بووه، شاعیری به‌ناوبانگی فارس سائیب ته‌ورێزی ساڵی 1600 له شیعرێکدا که به باڵای کابۆلدا گوتوویه‌تی ده‌ڵێت:
که‌س ناتوانێت ئه‌و هه‌موو مانگه بژمێرێت که به‌سه‌ر ئاسمانه‌که‌یه‌وه ده‌دره‌وشێنه‌وه
یانیش ئه‌و هه‌زار خۆره دره‌وشاوه‌یه‌ی که له پشت دیواره‌کانیدا خۆیانیان حه‌شار داوه.
تێبینی: له رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، رۆژی 19/1 دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar