پرۆده‌نی .. پرۆده‌نی
کاوه ئه‌مین
ئۆپۆزسیۆن و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌دوو ئارسته‌ی جیاوازادا داژۆن و هیچ لایه‌کیان ئاماده‌نین سازش له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه بکه‌ن که به‌بێ توانج لێدان له خاڵی دۆمینه ده‌چن و هه‌رکه‌س هه‌ڵده‌ستێت ده‌یه‌وێت خاڵی زیاتر له به‌رانبه‌ره‌که‌ی بگرێت، به‌ڵام که‌س نازانێت که‌ی و کێ دۆمینه ده‌کات؟ وابزانم هێنده‌مان له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات نووسیوه، کورد وته‌نی سیوایان هاتۆته‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه گوێیان بگرتایه ئه‌وا ده‌مێکبوو کورد به‌گشتی دۆمینه‌که‌ی بردبووه‌وه و دووشه‌شی له ده‌ستی داگیرکه‌راندا تۆپاندبوو. ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان کرۆته به‌رهه‌ڵستکار و سه‌ره‌تا داوای چاکسازیان ده‌کرد و ئێستا کردوویانه به پاکسازی، تاوه‌کو هه‌ڵبژاردنی 25/7 خۆیان به‌شێک بوون له حکومه‌ت، به‌تایبه‌تی ئیسلامییه‌کان، که‌وابێت ئه‌وانیش به‌شێکی چاکیان له‌و گه‌نده‌ڵییه به‌نسیب ده‌بێت که کوردستانی داگیرکردووه.
به‌رهه‌ڵستکارانی علمانی و ئیسلامی کورد که مه‌گه‌ر ته‌نها له مه‌نجه‌ڵی دژی حکوومه‌تی هه‌رێم جێگایان بێته‌وه له‌سه‌ره‌تاوه کۆمه‌ڵێک داخوازیان له کۆمه‌ڵه خاڵێکدا چرکرده‌وه که ده‌کرا جێبه‌جێ بکرێن، به‌ڵام به‌هۆی ناسه‌قامگیری نێوخۆیان نه‌یانتووانی که‌مێک پشودرێژ بن به‌ڵکو کاتێک خۆپیشاندانی به‌رده‌رکی سه‌را ده‌ستی پێ‌کرد پێیان وابوو که ئیتر حکومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌ردی تونس و میسر ده‌چێت و ئه‌جندای سیاسی خۆیان تێگه‌ڵ به خۆپیشاندانه‌کان کرد به‌تایبه‌تی هاندانی هه‌ندێک له مه‌لاکانی سه‌ر به گرووپه ئیسلامیه‌کان هێنده‌ی دیکه ره‌وشه‌که‌ی به‌ره و ئاڵۆزتر برد، ئاخر به‌رهه‌ڵستکاران له لایه‌ک له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت و پارتی و یه‌کێتی کۆده‌بوونه‌وه و له ژێره‌وه‌یش هانی لایه‌نگرانی خۆیان ده‌دات دروشمی بروخێ به‌رزبکه‌نه‌وه.
ئه‌وان به‌ده‌ردی حه‌سه‌ن ده‌گه‌ر ئاغای بنگۆڵیان لێهاتبووه. براده‌رێكی باکووری بۆی گێرامه‌وه ده‌یگوت له کۆتایی ساڵانی حه‌فتاکاندا کابرایه‌کی به‌رپرس و نه‌ژادپه‌رستی تورک سه‌ردانی بینگوڵ و ئاماده‌ی کرد و خه‌ڵک ده‌ستیان کرد به به‌ردباران کردنی. حه‌سه‌ن ئاغایش که ده‌یویست ببێت به ئه‌ندام په‌رله‌مانی تورکیا، به زمانی تورکی هاواری ده‌کرد، مه‌که‌ن، عه‌یبه ئه‌وه کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته و ده‌بێت رێزی لێبگرین، به‌ڵام هاوکات به شێوه زارای زازاکی هاواری ده‌کرد "پرۆده‌نی، پرۆده‌نی" واته لێیده‌ن، تێیهه‌ڵده‌ن! کاتێکیش خۆی بۆ بانگاشه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌کردبوو و ویستبووی دوو قسه بۆ خه‌ڵک بکات به راوێژکاره‌که‌ی وتبوو باشه ئێستا من چی به‌م خه‌ڵکه بڵێم؟ ئه‌ویش پێگوتبوو پێیان بڵی ده‌ریاتان بۆ ده‌هێنم و کارێک ده‌که‌م ئه‌م ده‌شتی دیاربه‌کره یه‌کپارچه بکه‌م به ئاو تا بتوانن به‌که‌یفی خۆتان مه‌له بکه‌ن و کشتوکاڵی پێ بکه‌ن!
له وڵاتێکی وه‌کو سوێد کاتێک حکوومه‌ت بودجه‌ی وڵات دیاری ده‌کات، به‌رهه‌ڵستکارانیش له‌لای خۆیانه‌وه بودجه‌ی سێبه‌ری خۆیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن و راگه‌یاندن گرنگیه‌کی چاکی پێ ده‌دات و حکوومه‌تیش هه‌ڵسه‌نگاندی بۆ ده‌کات تا بتوانن له هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن! ئه‌وه‌ی من تا ئێستا له کوردستان بینیومه نه پارته‌کانی ده‌سته‌ڵاتدار و نه به‌رهه‌ڵستکاران به‌رانه‌مه‌یه‌کی چڕ و پری ئابووری تۆکمه‌یان نییه، ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت به‌هۆی ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه‌ی که له به‌غداوه دێت و ده‌ینێرێته په‌رله‌مان و کۆمه‌ڵێک وه‌عد و به‌ڵێن ده‌ده‌ن، ئه‌وا له‌به‌رانبه‌ردا به‌رهه‌ڵستکاران هیچ به‌رنامه‌یه‌کی ئابووری وایان نییه که مرۆڤ دڵی پێخۆش بێت و بڵێت ئافه‌رین! ته‌نانه‌ت وه‌کو حه‌سه‌ن ئاغایش ناڵێن ده‌ریاتان بۆ ده‌هێنین، هه‌ر ده‌ڵێن بڕۆ، کاتێکیش باسی حکومه‌تی ئینتیقالی و ته‌کنۆکراتی ده‌که‌ن، به‌رنامه‌یه‌کی روون و ئاشکرایان نییه که ئه‌و حکوومه‌ته ده‌بێت چۆن بێت؟ ده‌ڵێن خه‌ڵکی بێلایه‌ن با بێن و ببن به وه‌زیر، به‌ڵام ئایا له‌و وڵاته‌دا خه‌ڵکی بێلایه‌ن په‌یدا ده‌بێت؟ براده‌رێک وتی، مام رۆسته‌م ئه‌و کاته‌ی که یه‌کێتی بوو له ئه‌ڵمانیا کۆبوونه‌یه‌کی کردبوو و وتبووی که‌سی بێلایه‌ن نییه مه‌گه‌ر که‌سێک "هین" بێت!
سه‌رۆکی هه‌رێم کاتێک وتی ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ده‌ستیان له‌م گێژاوه‌دا هه‌یه به ته‌قه‌که‌ر و ئه‌وانه‌یشی به‌ردیان هاویشتووه ببرێنه به‌رده‌م دادگا، قسه‌یه‌کی مه‌عقولی کرد، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه که ده‌بێت له پێشدا فیشه‌کوه‌شێنه‌کان بانگهێشتی داداگا بکرێن و پاشانیش ئه‌وانه‌ی دیکه، ئاخر خۆ بانێک و دووهه‌وا نابێت! ئایا که‌سانێک که ته‌قه‌یان کردووه و ده‌بێت بچنه به‌رده‌م دادگا، له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌ک گه‌ورتره که وه‌کو هه‌موومان ده‌ڵێین، ده‌ریایه‌ک خوێنی بۆ ڕژاوه؟
له‌بیرم دێت له ساڵی 1991 له‌به‌رده‌می سه‌فاره‌تی عێراقی له ستۆکهۆڵم خۆپیشاندێکی گه‌وره کرا و چه‌ند شوشه‌یه‌کی په‌نجه‌ره‌ی سه‌فه‌راته‌که شکێنرا و هێڕش کرایه سه‌ر بیناکه، به‌ڵام ئه‌وه‌ندی پۆلیسی پیاده و ئه‌سپسوار لێ بوو، چه‌ندین که‌سیان ده‌ستگیر کرد به‌بیانووی ئه‌وه‌ی توندوتیژیان به‌کارهێناوه و چه‌ند که‌سێکیش بریندارکران. هه‌ر له‌م سوێده چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا کوڕێکی کورد که کۆنه‌پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی بوو، به‌رێکه‌وت له زه‌ره‌نگه‌رخانه‌یه‌کدا ده‌بێت و دزێک به ده‌مانچه‌وه خۆی ده‌کات به‌ژووردا، ئه‌ویش پیاوه‌نه په‌لاماری ده‌دات و ده‌یگرێ چوارپێنج شه‌قی مزریشی تێهه‌ڵدابوو، به‌ڵام دوایی کابرا شکاتی له کورده‌که کرد به بیانووی ئه‌وه‌ی ئازاری پێگه‌یاندووه!
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ده‌بێت بۆ هه‌موو شتێک یاسایه‌ک هه‌بێت و که‌سیش له‌و یاسایه گه‌وره‌تر نه‌بێت، به‌ڵام به‌کرده‌وه نه‌ک ته‌نها به‌قسه وه‌کو ئه‌وه‌ی له کوردستان هه‌یه.
خۆ من ده‌زانم هه‌ندێک که‌س که خۆیان به به‌رهه‌ڵستکار ده‌زانن ده‌ڵێن ئه‌مه شێرورێوی هێنانه‌وه‌یه بۆ ده‌سته‌ڵات، به‌ڵام ئه‌مه به‌شێکه له‌و راستیانه‌ی که ده‌بێت قبووڵمان بێت، بێگومان به‌شێکی دیکه‌ی راستییه‌کانیش ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ده‌سته‌ڵات ده‌ستبه‌داری هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه بێت و وه‌کو چۆن ددان ده‌نێن به‌وه‌ی که گه‌نده‌ڵی هه‌یه ده‌بێت هه‌ر خۆشیان چاره‌سه‌ری بۆ بکه‌ن و له‌خۆشیانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن و به‌کرده‌وه هه‌وڵی ئاشتییه‌کی نه‌ته‌وه‌ییانه بده‌ن نه‌ک پینه و په‌رۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و کاتبه‌فیڕۆدان، ئه‌وه‌یش به‌لێکتێگه‌یشتن و به‌ره‌ویه‌کتر رۆیشتن ده‌بێت نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. ده‌نا هه‌روه‌ک چۆن ده‌سته‌ڵات نه‌یتوانیووه ده‌ریامان بۆ بێنێت، وه‌کو حه‌سه‌ن ئاغا نه‌یتوانی ده‌ریا بۆ دیاربه‌کر بێنێت، ئه‌وا هیچ شک و گومانێکم نییه که به‌رهه‌ڵستکارانیش نایهێنن و مه‌گه‌ر هه‌ربڵێن: پرۆه‌ده‌نی، پرۆده‌نی.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی (رووداو)ی رۆژی 18 – 4 - 2011 دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar